راپەڕینەكەی 12ی ئاداری 2004ی رۆژئاوای كوردستان هەوێنی شۆڕشی 19ی تەمووزی 2012 بوو

ڕاپۆرت

12/03/2024‌ 498 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس- كەنداڵ جودی:


 ڕۆژی 12ی ئاداری 2004 گەلی كورد لە شاری قامیشلۆ دژی زوڵم و ستەمەكانی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و لە قامیشلۆوە  جوڵەی خەڵك تەشەنەی كرد بۆ هەموو شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بووە هەوێنی شۆڕشی تەمووزی 2012.

ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار یان ڕاپەڕینی قامیشلۆ لە مێژووی خەباتی گەلی كورد لەدژی دەسەڵاتدارەكان پێگەیەكی تایبەتی هەیە و بووە هەوێنی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢.

 لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ چی ڕوویدا و چۆن بوو بە ڕاپەڕینێكی جەماوەری كە هەموو شارەكانی ڕۆژاڤای كوردستانی گرتەوە؟ لەم ڕاپۆرتەدا ڕووداوەكانی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ دەخەینەڕوو.

لە ١٢ی ئادار چی ڕوویدا؟
ڕۆژی 12ی ئاداری 2004 یاریگای ناوەندی شاری قامیشلۆ خەریكی ئامادەكاری بوو بۆ میوانداریكردنی یارییەكی تۆپی پێ لە نێوان یانەیەكی قامیشلۆ و یانەیەكی  شاری دێرزۆر.

 پێش دەستپێكردنی یارییەكە، هاندەرانی یانەی ئەلفاتیۆ كە لە دێرزۆرەوە هاتبوون، بەرد و چەقۆیان هێنابوو. ئەمەش بەو مانایەیە كە ڕژێمی بەعس بەنیاز بوو كۆمەڵكوژییەك لە دژی كورد ئەنجام بدات. بۆیە پێش دەستپێكردنی یارییەكە  هاندەرانی یانەكەی دێرەزۆر دروشمی سیاسییان بەرزكردەوە  دژی رۆژئاوای كوردستان و پشتگیریان لە سەركردەی ڕژێمی بەعسی عێراق سەدام حوسێن دەكرد.

دوای گوتنەوەی دروشمی ڕەگەزپەرستانە، ئەمجارە هاندەرانی  یانە دێرەزۆرییەكە بە بەرد و چەقۆ هێرشیان كردە سەر هاندەرانی یانەكەی قامیشلۆ. دوای ئەوەی چەند كەسێك برینداربوون، هاندەرانی كورد وەڵامی هێرشەكانیان دایەوە و لە نێو یاریگاكەدا شەڕ لەنێوان هەردوو لا ڕوویدا.

هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی سوریا لەبری ئەوەی ڕێگری بكەن لەوەی گرژییەكان ڕووبدات، بە گوللە هێرشیان كردە سەر هاندەرانی كورد. بەڵام دوای گەیشتنی پارێزگاری حەسەكە بۆ شاری قامیشلۆ، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی سوریا كرد دەستبەجێ كورد بكەنە ئامانج. لە ئەنجامدا ٣ گەنجی كورد شەهید بوون و دەیان كەسیش بریندار بوون.

دوای ئەو  رووداوە، گەلی كورد لە شاری قامیشلۆ هەموو چوونە دەرەوە بۆ سەر شەقام و ڕێگا گشتییەكان و ناڕەزایەتی دەستیپێكرد.

لە ١٣ی ئادار چی ڕوویدا؟
لە 13ی ئاداری 2004دا ژیان لە تەواوی شاری قامیشلۆ وەستا و دەیان هەزار كورد بەشدارییان لە پرسەی ئەو سێ گەنجەدا كرد كە لە 12ی ئاداردا لە یاریگا شەهید بوون. بەڵام هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی سوریا جارێكی دیكە بە گوللە هێرشیان كردە سەر مەراسیمی پرسەی شەهیدان و لە ئەنجامدا دەیان كورد بە ژن و منداڵیشەوە شەهید و بریندار بوون.

راپەڕینەكە لە هەموو ڕۆژاڤادا بڵاوبووەوە
دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس هێرشی كردە سەر ڕێوڕەسمی شەهیدان و خەڵكێكی زۆر شەهید و بریندار بوون، ناڕەزایەتی گەلی كورد لە قامیشلۆ گۆڕا بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری گەلی كورد و شارەكانی دیكەی ڕۆژاڤای كوردستانی گرتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا گەلی كورد لە شارەكانی دێرك، عامودا، حەسەكە، دربێسی، كۆبانێ، عەفرین، گەڕەكە كوردییەكانی  شارەكانی ڕەقە و حەلەب و دیمەشق دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و ڕێپێوانی جەماوەرییان ئەنجامدا.

جگە لەوەش گەنجانی كورد لە شارەكانی دربێسی و عامودا پەیكەری حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریایان ڕوخاند و ڕژێمی بەعس لە سەرجەم شارەكانی ڕۆژاڤای كوردستان تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی كورد كرد.

 پێنج هەزار كورد دەستگیركران
ڕژێمی بەعسی سوریا هێزێكی زۆری گواستەوە بۆ ناوچەكانی ڕۆژاڤای كوردستان و هێرشی بۆ سەر كورد دەستپێكرد. لەو چوارچێوەیەدا بە پێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ڕژێمی سوریا 5 هەزار كوردی دەستگیركردووە كە گەنجان و منداڵ و ژن و بەساڵاچوویان تێدایە.

ڕاپەڕینی 12ی ئاداری 2004 بوو بە هەوێنی شۆڕشی 19ی تەمووزی 2012.

هەرچەندە ڕاپەڕینی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ لەلایەن ڕژێمی سوریاو دامركایەوە، بەڵام كوردانی ڕۆژاڤا ئەم ڕاپەڕینەیان كردە هەوێنی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢.