پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان لە هەژمارێکی تیکتۆک بەناوی The Voice of Diabetes هۆشداری دەدات لە نیشانەیەک کە ڕەنگە لەسەر پێست دەربکەوێت و ئاماژە بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە.
پزیشکەکە ڕوونیکردەوە کە نیشانەکە وشکبوونەوەی توندی پێستە، و پێشنیاری کردووە لەگەڵ هەستکردن بەم نیشانەیە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێکسپرێسی بەریتانی ، نەڤین کۆسلا، نووسەری بواری پزیشکیی لە ماڵپەڕی NiceRx، ئاماژەیەکی دیکەی سەرەکیی نەخۆشیی شەکرەی ئاشکرا کردووە ، کە میزکردنی زۆرە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زێدەی شێ لە بەشەکانی جەستەدا، وەک دەم و پێست.
ئەو پسپۆڕە ڕوونیشیکردۆتەوە کە کەمی شێی ناو دەم و پێست دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستکردن بە تینوێتیی و خورانی پێست، هەروەک ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەرچەندە ڕەنگە زۆر هۆکاری تر ببنە هۆی ئەو نیشانانەی باسکراون، بەڵام سەردانی پزیشک گرنگە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕاستەقینە و بەدەستهێنانی چارەسەری گونجاو.
جگە لە وشکبوونەوەی توندی پێست، نەخۆشیی شەکرە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی پێست، لەوانە گۆڕینی ڕەنگی ژێر چەناگە و لەسەر مل، دەرکەوتنی نیشانە و زیپکە.
دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا جەخت لەسەر پێویستی پشتگوێنەخستنی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیی شەکرە دەکاتەوە، هەروەها گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتری چارەسەرکردن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی