ئەبوبەکر کاروانی
پێم وایە دەستکەوتەکانی سەردانەی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق لەو دەنگ و باسەی بۆی دروستکراوە کەمتر دەبێت. چونکە لەساڵانی پێشووشدا چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاکراون و دوواتر فەرامۆشکراون و کاریگەری ئەوتۆیان نەبووە.
ئەوەش لەو سۆنگەوەیە کە جگە لەوەی عێراق، بەدەست جۆرەها کێشەی بوونیادی و ناسەقامگیری پەردەپۆشکراوەوە دەناڵێنێت، خاوەن سەرەوەری و بڕیاری سیاسی تەواوی خۆشی نییە، ئەوە جگە لەوەی بەکردەوە زیاد لە عێراقێکمان هەیە، عێراقی حکومەت و سەرۆک وەزیران و عێراقی حەشدو گرووپەکان.
هێڵە سوورەکانی دراوسێی ڕۆژهەڵاتیش بەڕوونی لەئارادان، بەچەشنێك دەبێت لە چوارچێوەی پێدراوەکانی دۆخی ئێستای عێراقدا، وەك چەسپاوو دیاریکەر لە لایەن کاربەدەستی عێراقییەوە ببینرێن و ڕەچاوبکرێن. دەنا عێراقی ئایدۆلۆژیاو بەشێك لەبەرەی بەرەنگاری و بلۆکبەندییە ناوچەییەکان، دێتە قسەو شتەکان دەخاتەوە چوارچێوەکەی خۆیەوەیەو جددییەتی هێڵەکان و سازش لەسەرنەکردنیان، بۆ هەمووان دەخاتەوە روو، گەر چی ئەمە بە سەری هەندێ کەس و سیاسەتمەدارو کاربەدەستیش تەواو ببێت.
دیارە تورکەکان ئەم واقیعە جووان دەزانن و لێیان شاراوە نییە، بۆیە پێم وانییە لەئاستێکی گەورەدا گرەو لەسەر دەقە ئیمزاکراوەکان بکەن، بەتایبەتیش کەدیدو پێناسەیان بۆ عێراق ئەوەیە : دەوڵەتێکی نیمچە شکستخوواردووەو بەو ئاسانییەش لەو دۆخە دەرناچێت، ئەوەش وایکردووە هەرکەس هەوڵبدات بەشی خۆی لە کێکەکەی بەرێت و خۆشی لە دەرکەوتەکانی بپارێزێت، بۆیە وادەبینم ئەوەی لەئێستادا بەدواوەین و دەیانەوێت لەعێراقدا بیهێننە دی چەند ئامانجێکە لەوانەش:
١- فراوانکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
٢- تەواوکردنی پرۆسەی دەووبارە پێناسەو بیناکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لەکۆی ناوچەکەدا.
٣- کەمکردنەوەی تووانای عێراق وەك سەرچاوەی هەرەشە بۆسەر بەرژوەندییەکانیان و ڕێگرتن لەوەی بچێتە سەنگەربەندی بەرامبەریان یاخود بەشێ لەهێزو توواناکانی دژ بە وان بەکاربهێنرێن.
٤- چاوپۆشیکردنی عێراق لەپرسی قەندیل و ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکە، لەپەیوەندی بەهاتنە ژوورەوەی زیاتری هێزەکانی تورکیا بۆ قوڵایی خاکی هەرێم وعێراق و بەشداریکردنیان بە زانیاری هەواڵگیریی.
٥- کاریگەر بوون بەسەر پێشهات و گۆڕانکارییەکان لەم وڵاتەدا.
واشدەبینم بڕیاری سەردانکردنیشی بۆ هەولێر چەند هۆکارێکی لە پشتەوەبێت، لەوانەش:
* ڕازینەبوونی پێویست لە هەڵوێست و ئاستی ئامادەیی عێراق لە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەوە.
* بەکردەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە چاوەروانکراوەکە لەژێر دەسەڵاتی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و بەتایبەتیش پارتیدایەو دەتوانن ڕۆڵی ڕاستەوخۆ بگێڕن و هێزیان هەیەو کاریگەرن.
* هاندانی هەرێم و بەتایبەتیش پارتی بۆ بەشداریکردنێکی زیاتر لە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سووپاکەی.
* هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر ڕای گشتی کوردی و گۆشەگیرکردنی پەکەکە.
* تاکو ئێستاش هەرێم دەروازە گرنگەکەی پەیوەندی تورکیا بەعێراق و ڕێرەوی هێنانە ناوەوەی کاڵا بازرگانییەکانییەتی بۆئەم وڵاتە.
* کاریگەری و بەشداریکردنی هاکان فیدان وەك دۆستی بارزانییەکان و بەتایبەتیش نێچیرڤان بارزانی لە قەناعەتپێکردنی ئۆردووگان بۆ ئەنجامدانی سەردانەکە؟