ئیسرائیل لەفراوانبوونی پەیوەندی ئەمنی عێراق و میسر هۆشداریدەدات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 337 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە قووڵبوونەوەی هەماهەنگی ئەمنی میسر لەگەڵ وڵاتانی وەک عێراق لە تەلئەبیب وەک ئاماژەیەک بۆ خواستە ستراتیژییە فراوانەکانی قاهیرە سەیر دەکرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ناکات.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاندووە، بازنەکانی ئەمنی و ستراتیژی لە ئیسرائیل بە نیگەرانییەوە بەدوای چالاکییە گەشەسەندووەکانی میسر لە گۆڕەپانی عەرەبی و ئەفریقادا دەگەڕێن.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهێزبوونی ئامادەیی سەربازیی میسر لە لیبیا و سودان، لەگەڵ قووڵبوونەوەی هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی وەک جەزائیر و عێراق، لە چوارچێوەی ئیسرائیلدا وەک ئاماژەیەک بۆ خواستە ستراتیژییە فراوانترەکانی قاهیرە سەیر دەکرێت کە دەتوانێت هاوسەنگییە ناوچەییەکان بە شێوەیەک بکێشێتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵسەنگاندنی باو لەناو دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیلدا ئەوەیە کە میسر بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆمار چیتر ڕازی نییە بە ڕۆڵی تەقلیدی خۆی وەک ناوبژیوانێکی بێلایەن لە ململانێکانی ناوچەکەدا، بەڵکو ئێستا هەوڵدەدات ڕۆڵێکی سەرکردایەتی چالاکتر ببینێت، بە سوودوەرگرتن لەو بۆشاییە سیاسی و ئەمنییەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هەندێک لە زلهێزەکانی هەرێمەوە دروستکراوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فراوانبوونی میسر هەندێکجار لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا یەکدەگرێتەوە، بەتایبەتی لە ململانێی لیبیادا، کە قاهیرە پاڵپشتی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا دەکات کە بنکەکەیان لە تۆبروک هەیە.

ئیسرائیل هیۆم بەو ئەنجامە گەیشتووە کە گەورەترین تەحەدای بەردەم ئیسرائیل تەنها لە پێشهاتە سەربازییەکانی میسردا سنووردار نییە، بەڵکو لە توانای قاهیرەدایە بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە هاوپەیمانی ناوچەیی کە دەتوانێت کاریگەریی ئیسرائیل لە جیهانی عەرەبیدا سنووردار بکات.
ئ.ح

بەپەلە