شارپرێس:
مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل دوو هەڵبژاردەی توندی پێشکەش بە سەرکردایەتی نوێ لە دیمەشق کرد، کە مانەوەی دەسەڵاتەکەی بە وەڵامدانەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان گرێداوە، لە پێش هەموویان کۆتاییهێنان بە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە داننان بە شەرعیەتی ئەحمەد شەرع و چەسپاندنی حوکمڕانیەکەی بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەپێویستییەکی ناوچەییە.
ناوبراو بە بێ دوو دڵی ڕایگەیاند: "حوکمڕانی شەرع بەبێ ئاساییبوونەوەی تەواو لەگەڵ ئیسرائیلدا ناتوانێت بەردەوام بێت. پاراستنی ڕژێم لە دیمەشق پەیوەستە بە بەشداریکردنی لە پرۆسەی ئاشتیدا".
هاکابی جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا هیچ پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی بەو کەسانە نادات کە ڕێگری لە نەزمی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا دەکەن و هۆشداریشی دا کە "سەردەمی مانۆڕی سیاسی کۆتایی هاتووە".
ناوبراو دەڵێت: یاسای ئەمڕۆ بۆ هەموو لایەک ڕوونە: هەرکەسێک مەرجەکان ڕەت بکاتەوە دەڕوخێت، واشنتۆن پشتیوانی سەقامگیری ڕژێمێک ناکات کە ڕەتی بکاتەوە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوە و ڕێککەونتەوە بمێنێتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم لێدوانانە "هۆشداری کۆتایی"ن بۆ شەرع، بەو پێیەی باڵیۆزەکە ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن هەرپشتیوانییەک لەهەر لایەنێک ڕادەگرێت، کە ڕەتیدەکاتەوە پابەند بێت بە واقیعی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئایندەی سیاسی سوریا پەیوەستە بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ تەلئەبیب، هەروەها مانەوەی ڕژێمی دیمەشق تەنها بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی پارێزراو دەبێت.
ئ.ح