شارپرێس پلانێکی مەترسیداری دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین ئاشکرا دەکات

ڕاپۆرت

10/06/2024‌ 1576 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - کەنداڵ جودی: 

 دەوڵەتی تورکیا  دارستانەکانی کورد لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەسوتێنێت و لە شوێنی ئەوان گوند بۆ تورکمان و عەرەب دروست دەکات، بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەی عەفرین بە تەواوی بگۆڕێت. 

 دەوڵەتی تورکیا، لە چوارچێوەی لەناوبردنی سروشت و تێکدانی ناسنامەی کورد لە عەفرین، ئەمجارە بە ڕوونی ئاگری لە دارستانەکانی عەفرین بەرداوە و چەند ڕۆژێکە ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە. 

 بەپێی ئەو زانیارییانەی کە شارپرێس لە سەرچاوەکانیەوە لە ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان پێیگەیشتووە، ماوەی ٦ ڕۆژە ئاگر لە دارستانەکانی عەفرین کەوتووەتەوە و تا ئێستا نەکوژاوەتەوە.

 وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، ئیبراهیم شەیخۆ، بەشارپرێسی ڕاگەیاند، ئاگرەکە دارستانەکانی چیای کرمێنچ لە ناحیەی ڕاجۆی عەفرین و چیای هاوار و دارستانەکانی قەزای شێراوا و دار زەیتونەکانی گرتووەتەوە.

 ساڵانە لەم کاتەدا لە ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادایە، بە ئەنقەست ئاگر لە دارستان و دارەکان بەردەدات. 

 ئیبراهیم شەیخۆ دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، عەرەب و تورکمانەکان و هێزە چەکدارەکان بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمساڵ ئاگریان لە دارستان و دارەکانی عەفرین بەردا".

 شێخۆ هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە سوتاندنی دارستانەکان سروشتی عەفرین لەناو ببات و ئەو کوردانەی کە ماونەتەوە لە عەفرین دەربکات.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەوڵەتی تورکیا دوای سووتاندنی ئەو دارستانانە گوند بۆ عەرەب و تورکمان دروست دەکات و لەوێ دایاندەنێت و ئامانجیشی قووڵکردنەوەی گۆڕانی دیموگرافیە لە عەفرین و لەناوبردنی ناسنامەی کورد. 

 لەو چوارچێوەیەدا بە پێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە شارپرێس لە عەفرینەوە دەستیکەوتووە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ئیخوان موسلیمین و ڕێکخراوەکانی دەوڵەتانی کەنداو زیاتر لە ٣٠ گوندی لە ناوچەی عەفرین دروستکردووە و عەرەب و تورکمانەکانی سوریای لەو گوندانە نیشتەجێ کردووە. 

 سەبارەت بە ژمارەی ئەو دارانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا سوتاون، ئیبراهیم شەیخۆ ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 1000 دار سوتاون، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەکە زیاتر بێت چونکە ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە. 

 بەپێی ئەو داتایانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا بەشارپرێسی داوە، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، دەوڵەتی تورکیا ٢٠ هەزار داری زەیتون و هەزاران داری دیکەی لە عەفرین سوتاندووە.

 ئیبراهیم شەیخۆ وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە سووتاندنی دار وەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وایە.