خوێندن بە هەورامی بۆ هەورامییەکان

مەلەفی تایبەت

14/06/2024‌ 651 جار خوێندراوه‌ته‌وه


‏‎لە پەراوێزی داواکاریی وەزیری ڕۆشنبیری بۆ خوێندنی وانەیەک بە هەورامی.
سوداد ڕەسووڵ
‏‎مامۆستای زارە کوردییەکان لە زانکۆی سۆران

‏‎زمانی کوردی زمانێکی فرەلەهجەیە و لەهجەکانیشی هەمەچەشن و بەربڵاون. هەندێک لەهجە لە زمانی کوردیدا هەیە ئارکایکە(کۆنە) و تایبەتمەندییەکی کولتووریی ناوچەییشی هەیە، بە جۆرێک لەگەڵ زارێکی دیکەی کوردی لە یەکگەیشتن لە نێوانیان کەمێک سەختە، هەورامی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو زارانە، زازاکیش لە باکووری کوردستان هەمان تایبەتمەندی کولتووری و زمانی هەیە. 
‏‎بەپێی راپۆرتی یۆنسکۆ سەبارەت بەو زمانانەی کە مەترسییان لەسەرە لە داهاتوو لەناو بچن، ئەم دوو زارە کوردییە لە لیستی ئەو زار و زمانانەن کە مەترسی لەناوچوونیان لێ دەکرێ، چونکە ئەم دوو زارە بەردەوام ژمارەی ئاخێوەرانیان لە کەمبوونەوەدایە و ئەگەر بەم ئاراستەیەش بەردەوام بن، بۆی هەیە لە داهاتوو بە یەکجاری لە بەین بچن.
‏‎ئەم سەدەیە لەگەڵ لێشاوی بەجیهانیبوون و زاڵبوونی زمانە باڵادەستەکان، کولتوورە ناوچەییەکان و زمانە بچووکەکان بە خێرایی لەناو دەچن و هەڵدەوەرێن، زار و زمانەکان، ئەوانەی هیچ پلەوپایەیەکیان بۆ خوێندن و کار پەیداکردن نییە، واتە هیچ هێزێکی ئابوورییان نییە، بە خێرایی دەپوکێنەوە و لاواز دەبن، ئاخێوەرانیان پێیان گرنگ نابێت زمانەکە بپارێزن و قسەی پێ بکەن، بە ڕادەیەک تا دوا ئاخێوەری ئەو زمانە سەر دەنێتەوە و لەگەڵیشی زمانەکەش بۆ یەکجاری دەمرێت. هەر زمانێکیش کە دەمرێت زیندووکردنەوەی مەحاڵە. لە جێگەی ئەو زمانە مردووە،  زمانێکی دی جێگەی دەگرێتەوە کە باڵادەستە و هێزی ئابووری هەیە، توانای خوێندنی ئەکادیمی و زانستی هەیە و پێی دەخوێندرێت. 
‏‎حەوت هەزار زمان و زار ئێستا لە دنیا قسەی پێ دەکرێت. پێشبینی دەکرێت هەتا سەدەی داهاتوو تەنیا ٦٠٠ زمانێک بمێنێتەوە، ئەوانی دی هەموو دەمرن. لە ناوچوونی هەر زمانێک لەناوچوونی کولتوور و ئەزموونێکی هزری مرۆڤایەتییە، لەناوچوونی دنیابینی مرۆڤەکانە بۆ ژیان و دەربڕینی هەست و خەون و خەیاڵەکانیان. بۆیە زۆر گرنگە زمان و زارەکان زیندوو بمێننەوە و بۆ ئەوەی فرەچەشنی زمانی و فرەکولتووری کە دنیای ئێمەیان جوان کردووە، هەر بە زیندوویی بمێننەوە. 
‏‎زاری کوردیی گۆران - هەورامی نەک هەر زارێکی کۆن و دەوڵەمەندی کوردییە، لە هەمان کاتدا گەنجینەیەکی یەکجار دەوڵەمەندی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی پێ نووسراوەتەوە، مێژوویەکی پرشنگدار و پڕ بەرهەمی هەیە. سەردەمێک لە ناوەڕاستی کوردستاندا زمانێکی ئەدەبی و هاوبەشی کورد بووە، کە شاعیرانی کورد بە زاری جیاواز بەو زمانە ئەدەبییە شیعریان نووسیوە و دنیای زمان و ئەدەبی کوردییان بریقەدار کردووە. مخابنە ئەمڕۆ ئەم زارە شیرینە کوردییە لاواز بێت یان ئێمە بە دەستی خۆمان لاوازی بکەین و بچێتە لیستی زمانە مردووەکان. بە نەمانی ئەم زارە کوردییە، ئەدەبیاتە کلاسیکییە کوردییەکەش وەک ئەدەبیاتێکی مردوو سەیری دەکرێت و ئەو بایەخەی نابێت.
‏‎خوێندن بە زار بۆ چەند ساڵێک بە تایبەت بۆ ئەو زارانەی کە تایبەتمەندی کولتووری و ناوچەیی هەیە و کۆنە، بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی خراپی بۆ سەر زمانی یەکگرتووی کوردی نابێت، بەڵکو زمانی کوردی دەوڵەمەندتر دەکات و زارەکانیش بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
‏‎هەورامی زارە یان زمان؟ بێگومان هەورامی زارێکی زمانی کوردییە، چونکە هەورامییەکان بە هەست و خوێن و دەروون کوردن، بە مێژووی هەورامان کوردن، بە مێژووی ئەدەبی کوردی، زمانەکەیان زارێکی کوردییە، بۆیە ئەوانەی بانگەشەی زمان بۆ هەورامی دەکەن، دەیانەوێ هەورامی لە زمانی کوردی دابڕن، دەبێ لەگەڵ هەموو مێژووی هەورامان و زمان و ئەدەبی کوردیی هەورامی شەڕ بکەن. هەرگیز ڕاست نییە بە زارێکی کۆنی کوردی وەک هەورامی بگوترێ زمان، کە گوتت زمان واتە ئەم زارە کوردی نییە زمانێکی سەربەخۆیە،..!  نابێ خوێندن بە زارێکی کوردی بۆ ئەجێندایەکی سیاسی دژ بە کورد و ناسنامەی زمان و نەتەوە بە کار بێت کە ئەمە دەهۆڵ کوتانە بۆ ئەجێندای داگیرکەرانی کورد کە دەیانەوێ کورد بە زمان و نەتەوە پەرتەوازە بکەن. 
‏‎خوێندن بە زار نابێت بە ئاراستەیەک بێت زمانی ستاندارد و هاوبەشی کوردی ڕەت بکاتەوە، بە تایبەت ئەو زمانە کوردییە کە لە باشوور هەیە ئەویش زارێکی کوردییە، بەڵام زارێکی ستانداردە و زیاتر خزمەت کراوە، بۆ خوێندن و لە بواری ئەکادیمی زیاتر گەشەی کردووە، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا هەتا ئەمڕۆ  لە باشوور ڕۆلی زمانێکی هاوبەشی بۆ کورد گێڕاوە. ئەم زمانە پێویستە هەرچی زووتر وەک زمانی ڕەسمی بۆ حکومەتی هەرێم بە ڕەسمی بکرێت و لە هەرێمەکە بجەسپێندرێت. ڕەتکردنەوەی ئەم زمانە وەک زمانی ڕەسمی بۆ حکومەتی هەرێم لە بادینان ئەزموونێکی خراپی خوێندن بوو بە زار. بادینیش وەک بنزارێکی کوردی پێویستە چەند ساڵێک بخوێندرێ، بۆ ئەوەی زارەکە بێبایەخ نەبێت و گەشە بکات، بەڵام نابێ زمانێکی باڵادەست و هاوبەشی کوردی لە باشوور ڕەت بکاتەوە، کە ئەم ڕەتکردنەوەیە بووە هۆی لەتبوونی زمانی کوردی لە باشوور بۆ دوو زمان.
‏‎نەبوونی پلانی زمان لە باشووری کوردستان و نەبوونی چاودێری زمان، ڕەوشی زمانی کوردی بە ڕۆژێک گەیاندووە کە هەموومان لە پاشەڕۆژی زمان و نەتەوە بترسین. نازانین ئێمە وەک نەتەوە بۆ زمان چیمان دەوێت، لە کاتێکدا هەموومان دەڵێین زمان ناسنامە و ڕۆحی نەتەوەیە. دەسەڵات خەمسارد و بێباک بەرانبەر بە زمان، حکومەت هیچ پلانێکی بۆ زمانی کوردی و پێشخستنی نییە. حکومەت دەیەوێ لە باشوور کورد نەتەوە بێ، بەبێ زمانێکی هاوبەش و ڕەسمی، کە ئەم هەلومەرجە زمانییە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا کەلێنێکی گەورەیە. ئەگەر پلانێکی زمانی هەبێت و حکومەت بەو پلانە زمانییە کار بکات، زمانی کوردی زیاتر گەشە دەکات و لەگەڵیشی زارە ناوچەییەکانیش گەشە دەکەن.
‏‎نابی لەم سەردەمە لە زار بترسین کە سەردەمی لەناو چوونی زار و زمانە، ئەگەر پلانێکی زمانی سەردەمییانە بە میتۆدێکی زانستی بۆ زمانی نەتەوە هەبێت، لەپاڵ ئەو زمانە ڕەسمییە  زارەکانیش گەشە بکەن هیچ کێشەیەک نابێت، ئەم فرەچەشنییە دەوڵەمەندی زمانی کوردییە و مانەوەی نەتەوەی کوردە بە یەکگرتوویی. 
‏‎بە مانەوەی هەورامی زارێکی کوردی بە زیندوویی دەمێنێتەوە، کولتوورێکی مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی کوردی بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند و لەمێژینەی کوردی بە زیندوویی دەمێنیتەوە، هەورامان وەک دڵی فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

‏‎