لەکاتی هەڵگرتنی گۆشتی خێر ئاگاداری ئەم سێ هەڵەیە بە

تەندروستی

17/06/2024‌ 1475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

جەژن بۆنەیەکی ئایینییەو هەمیش بۆنەیەکی کولتوورییە کە پەیوەستە بە تەندروستیی مرۆڤیشەوە، بەو پێیەی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا جەژنی قوربان دەگێڕن و بە نیازن ئاژەڵە قوربانییەکانیان سەرببڕن و گۆشتەکانیان بەسەر کەسانی پێویستدا دابەش بکەن، لێرەدا پێویستە رەچاوی چەند خاڵێک بکەین کە کەسانێک لە کاتی "هەڵگرتنی" گۆشتی قوربانیدا چەند هەڵەیەک دەکەن:

 پسپۆڕانی بواری خۆراک روونیان کردۆتەوە کە پاراستنتی گۆشت بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە دوای سەربڕینی قوربانیەکە دەست پێدەکات.

خاڵی یەکەم: بە هیچ شێوەیەک نابێت گۆشتی قوربانی راستەوخۆ بکرێتە ناو بەفرگر و بۆ رۆژی دوایی بەکار بهێندرێتەوە، لە کاتی بەکارهێنانیشیدا لێیگەڕێت بە پلەی گەرمی ژورەکە گۆشتەکە خاو بکرێتەوە ئەمە لە خۆیدا هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، بەڵکو دەبێت گۆشتەکە بە ئاوی سارد خاوبکرێتەوە و ئامادە بکرێت بۆ خواردن.

خاڵی دووەم: دەبێت سەرەتا ٢٠ چرکە پێش و پاش مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتی خاودا، دەستەکانت بە پاکی بشۆیت و نابێت لە کاتی پارچە کردنی گۆشتەکەدا چەقۆیەک بەکاربهێندرێت کە بۆ میوە یاخود بۆ هەر شتێکی دیکە بەکارهاتبێت، پاشان پێویستە راستەوخۆ گۆشتەکە بکوڵێندرێت و ئامادەبکرێت، بەڵام دەبێت زۆر بە جوانی گۆشتەکە بکوڵێندرێت.

خاڵی سێیەم: لەبەر ئەوەی هەندێک جار دڵنیانین سەرچاوەی ئەو گۆشتەی کە بۆمان دێت لە کوشتارگەیەکی فەرمییەوە سەربڕدراوە و پشکندراوە باشترە، ڕێگری بکەین لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەوەی کە پاشەڕۆی گۆشتەکە فڕێنەدەین یاخود نەیدەین بە ئاژەڵانی دیکە بەڵکو لە ژێر خاک دایبنێین یاخود پاشەڕۆی گۆشتەکە بسووتێنین. 

هەروەها پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەدەن، "گۆشت دەتواندرێت بۆ ماوەی شەش مانگ لە ساردکەرەوەی ئاساییدا هەڵبگیرێت، هاوکات دەتواندرێت بۆ ماوەی ساڵێکیش لە سیستەمی ساردکەرەوەی نایترۆجیندا هەڵبگیرێت".

لە کۆتایدا پسپۆڕان دەڵێن: "باشترە لە رۆژانی جەژندا گۆشتی مانگا و گامێش بخورێت و بکرێت بە قوربانی، بەو پێیەی رێژەی چەورییان کەمترە وەک لە گۆشتی بەرخ، هەروەها هەرسکردنیشیان ئاسانە".