تورکیا عەفرین دەکاتە بنکەی سەرکردەی گرووپە تیرۆریستییەکان

ڕاپۆرت

25/06/2024‌ 767 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس-کەنداڵ جودی

 ئەو گوندانەی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین دروستیان دەکات، بوونەتە ناوەند و بنکەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش. 

 لەگەڵ کوشتنی خەلیفەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلب لە نزیک سنووری تورکیا لەلایەن هێزەکانی (هەسەدە) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، ئێستا بە تەواوی ئاشکرا بووە  ناوچەکانی سوریا کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادان بوونەتە بنکە و ناوەندی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

 تورکیا داعش لە عەفرین جێگیر دەکات 
 لەو چوارچێوەیەدا بە پێی ئەو زانیاریانەی کە شارپرێس لە سەرچاوەکانیەوە لە ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی کەوتووە، ئێستا دەوڵەتی تورکیا ئەندامانی داعش بە تایبەت لە ناوچەی عەفرین بڵاوەپێدەکات.

  ئەو سەرچاوانەی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیانویست ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن بە شارپرێسیان ڕاگەیاندووە، دەوڵەتی تورکیا بەتایبەت لەو گوندانەی کە لە ناوچەی عەفرین لە ژێر پەردەی کۆچبەران لە ژێر چاودێری ئیخوان موسلیمین و دەوڵەتانی کەنداو دروستیکردوون، بوونەتە ناوەندی سەرەکیی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش .

 لەو چوارچێوەیەدا، لە ١٦ی حوزەیران، هێرشێک بۆ سەر گوندێک لەسنووری عەفرین کرا کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن ڕێکخراوێکی سەر بە کوێتەوە دامەزرا و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا.  دوای هێرشەکە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەسەدە گوندەکەی بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە. 

 بەڵام دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر سەرکردەیەکی داعش بە ناوی ئوسامە محەمەد ئیبراهیم ئەلجەنابی و لە ئەنجامدا ئەو تیرۆریستە کوژراوە. 

 لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەکانی شارپرێس لە عەفرین بڵاویانکردەوە، ئەو کەسەی کوژراوە سەرکردەیەکی داعش بووە و ناوی ئوسامە محەمەد ئیبراهیم ئەلجەنابییە.  بەمەش دەرکەوت کە دەوڵەتی تورکیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی، بۆ ئەوەی بابەتەکە پەردەپۆش بکەن و نەڵێن ئەو کەسەی کوژراوە سەرکردەیەکی داعشە، دەستبەجێ هەسەدەیان تۆمەتبار کردووە. 

 تا ئێستا چەند سەرکردەی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکانی تورکیا کوژراون؟ 
 بە کوژرانی سەرکردەی داعش ئوسامە محەمەد ئیبراهیم ئەلجەنابی، جارێکی دیکە پشتڕاست دەکرێتەوە کە ناوچە داگیرکراوەکانی تورکیا لە عەفرینەوە تا باب، عەزاز، جەرابلوس، ئیدلب، سەرێ کانییە و گرێ سپی بوونەتە شوێنی ئارام بۆ داعش و سەرکردە و ئەندامانی بە ئاسانی لەژێر پاراستنی دەوڵەتی تورکیادا دەچنە ئەوێ. 

  ئەمە یەکەمجار نییە سەرکردەیەکی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکانی تورکیا بکوژرێت، پێش ئەوەش خەلیفەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلب لە نزیک سنووری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ کوژرا.

 هەروەها لە 3ی شوباتی 2022، دیسانەوە لە ئیدلب لە نزیک سنووری تورکیا، کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش بە ناوی ئەبو ئیبراهیم ئەلقورەیشی لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا. 

 له ڕابردووشدا خودی ڕێکخراوی داعش ڕایگەیاند که سەرکردەی  چوارەمیان ئەبو حوسێن ئه لقورەیشی له 3ی ئابی 2023 له ناوچه ی ئیدلب کوژراوه . 

 لە لایەکی ترەوە بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە شارپرێس لە ماوەی ڕابردوودا لە عەفرین بەدەستی هێناوە، تا ئێستا واتە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ئیخوان موسلیمین و ڕێکخراوەکانی دەوڵەتانی کەنداو و وڵاتانی ئەوروپا و فەلەستین، لە عەفرین زیاتر لە 30 گوندی دروستکردووە و لە گوندەکانیشدا عەرەب و تورکمانەکانی سوریا وئێستاش سەرکردە و ئەندامانی داعش نیشتەجێدەکات.