شارپرێس:
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لهڕاپۆرتێکی ورددا فرۆشتنی نەوتی مانگی ڕابردوی هەرێم ئاشکرادەکات، ئەوەش یەکەمجارە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی دان بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بنێت.
گەڵف کیستۆن یەکێکە لەو هەشت کۆمپانیایەى لەئەندامانى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" بەشدارە، بۆ یەکەمجار لەڕاپۆرتێکی فەرمیی خۆیدا، دان بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم دەنێت لەدوای ڕاگرتنی هەناردەکردنییەوە، ئەوەش بەو نرخە کەمە کە تەنها 28 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا لەبازاڕى جیهانى ئێستا یەک بەرمیل نەوت نرخەکەی بە 85 دۆلارە.
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لەڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند، "دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتى کوردستان، بەسەلامەتی کارەکانمان گواستەوە بۆ فرۆشتنی ناوخۆیی".
جۆن هاریس ڕاشیگەیاندوە، "لەمانگى ئایارى ڕابردوو، 48 هەزارو 200 بەرمیل نەوتى ڕۆژانەمان هەبوەو یەک بەرمیل نەوتى خاو لەناوخۆ بە 28 دۆلار فرۆشراوە".
ئەو بەرپرسە ئەوەشی ئاشکراکردوە، کە تێکڕای فرۆشی نەوتى خاو لەکێڵگەى شێخان لەساڵی 2024 تاوەکو 20ى حوزەیران ڕۆژانە 38 هەزارو 700 بەرمیل بوە.