شارپرێس:
شارپرێس زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتوى عێراقه‌وه ئاشكراده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌رى ژمێریارى خانه‌نشینى سلێمانیش ورده‌كاریی ئه‌و یاسایه‌و سودمه‌ندبونى هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ له‌هه‌رێم ڕوندهكاتهوهو ده‌ڵێت:"هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ سه‌ربازیى نین‌و ته‌نها پێشمه‌رگه له‌و یاسایه سودمه‌ند نابێت".
سارا حه‌مه نه‌جیب ئەحمەد بەڕێوەبەری ژمێریاریی خانەنشینی سلێمانی له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ شارپرێس ورده‌كاریی یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتوى عێراقى ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، "هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ (پۆلیس‌و ئاسایش) هاوشێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دیكه‌ى شارستانى هه‌رێم له‌و یاسایه سودمه‌ند دهبنو كه‌مترین موچه‌یان ده‌بێته 500 هه‌زار دینار‌و ئه‌گه‌ر موچه‌ى خانهنشینیهكهشیان نه‌گه‌یشته ملیۆنێك دینار، ئه‌وا 100 هه‌زار دینارى دیكه‌شیان مانگانه پێده‌درێت كه حكومه‌تى عێراق ده‌یدات".
له‌و لێدوانه‌یدا بۆ شارپرێس سارا حه‌مه نه‌جیب وتى:"ئەگەر كەسێك موچەكەی ببێت بە 500 هەزار، به‌گوێره‌ى هاوتای موچەی لەگەڵ عێراق، ئەوا 100 هەزاری تری بۆ دەخرێتە سەریو دەبێت بە 600 هەزار ئەگەر خۆی لەژیاندا مابێت، بەڵام ئەگەر خۆی كۆچی دوایی كردبێت‌و یەك وارسی هەبێت دەبێت بە 320 هەزارو ئەگەر دوو وارسی هەبێت دەبێت بە360 هەزار دینار".
سه‌باره‌ت بهوادهى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ش، ده‌ڵێت:"به‌گوێره‌ى بڕیارەكە، دەبێت لیستی نوێی موچەی خانەنشینان بۆ مانگی حه‌وت بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە هەفتەی ڕابردوو لیستەكە بێ هاوتاكردن دراوەتە دارایی‌و لەئێستاشدا لیستی هاوتاكراو ئامادەیەو دوای ئەوەی دەیكەین بەزمانی عەرەبی، دەیدەین بەوەزارەتی دارایی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى ڕەوانەی بەغدا بكرێت".
كۆتایی مانگى ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بەپابەندبون بەبڕیاری دادگای فیدڕاڵی‌و جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق‌و هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق، بۆ ئەوەش بڕیاریدا لیستی نوێی موچەی خانەنشینان بەهاوتاكراوی ڕەوانەی بەغدا بكرێت.
بەگوێره‌ى یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق هەر فەرمانبەرێك لەكاتی خانەنشینبونی بڕی 12 موچەی به‌سه‌ریه‌كه‌وه پێدهدرێتو كەمترین موچەى مانگانه‌ش 500 هەزار دینارە لەگەڵ 100 هەزار دیناری بژێوی لەكاتێكدا لەهەرێم شه‌ش موچەی بنەڕەتی به‌خانه‌نشین دەدرێتو كەمترین موچەش 220 هەزار دینارە.
به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى ژمێریاریى خانه‌نشینى سلێمانى، "بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەڵكێكی زۆر سودمەند دەبێت بەتایبەت خانەنشینان‌و له‌نێویشیاندا هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ، چونكه جگه له‌پێشمه‌رگه، پۆلیس‌و ئاسایش-یش هه‌مان ئه‌و بڕیاره ده‌یانگرێته‌وه، چونكە لەهەرێم كەمترین موچەیان له‌كاتى خانه‌نشینى 220 هەزار دینارە، به‌ڵام بەگوێره‌ى بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم كەمترین موچەی خانەنشینان دوای هاوتاكردن دەبێت 500 هەزار دینار بێت، هەر خانەنشینێكیش پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوبێت، موچەكەی دەبێت بە 500 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی دوای 1ی 1ی 2024 خانەنشینبون، به‌گوێره‌ى ساڵی خزمەت‌و بڕوانامە موچەیان دیاریدەكرێتو پیاچونەوە بەدۆسیەكەیان دەكرێت‌و بەوەش موچەیان سەروی 500 هەزار دەبێت".
به‌وته‌ى سارا حه‌مه نه‌جیب، "ئەو خانەنشینانەی موچەیان لەملیۆنێك دینار كەمترە لەعێراق بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوییان بۆ زیادكردون، بۆیە هەر خانەنشینێك لەهەرێم موچەكەی لەملیۆنێك كەمتربێت، ئەو 100 هەزارەیان بۆ زیاد دەكرێت".
سه‌باره‌ت بهوردهكاریى زیاتر له‌باره‌ى گۆڕانكاریه‌كان، سارا حه‌مه نه‌جیب ده‌ڵێت:"ئەوانەی لەدوای ساڵی 2014 خانەنشینبون، ساڵانی خزمەت‌و بڕوانامەیان بۆ ئەژماردەکرێتو موچە نزمەکان دەکرێتە 500 ھەزار دینار، ھەرکەسیش موچەکەی لەیەک ملیۆن کەمتربێت 100 ھەزار دیناریی مانگانە بۆ خەرجدەکرێت، (واتە: خانەنشینی + دەرماڵەی خزمەت‌و بڕوانامە + 100 ھەزار دینار".
ئه‌وه‌شى وت:"ئەوخانەنشیانەی لەژیان نەماون، ئەگەر خانەنشین یەک وارسی ھەبێت، 320 ھەزار وه‌ردەگرێت، ئەگەر خانەنشین دوو وارسی ھەبێت، 360 ھەزار وەردەگرێت، ئەگەریش خانەنشین سێ وارسی ھەبێت، ئه‌وا بڕی 500 ھەزار دینار وەردەگرێت".
واته:
یەک وارس 320 ھەزار + 100 ھەزار وەردەگرێت
دوو وارس 360 ھەزار + 100 ھەزار وەردەگرێت
سێ وارس 500 ھەزار + 100 ھەزار وەردەگرێت
به‌گوێره‌ى یاساى خانه‌نیشنى یه‌كگرتوى عێراق، له‌ماده‌ى یه‌كه‌مى یاساكه‌و له‌بڕگه‌ى حه‌وته‌میدا هاتوه، "فه‌رمانبه‌ر هه‌ركه‌سێكه كه وه‌زیفه‌یه‌كى پێسپێردرابێت لهشارستانى یان سه‌ربازیى، یان له‌چوارچێوه‌ى هێزه ئه‌منیه‌كاندا یان ڕاسپێردرابێت به‌خزمه‌تى گشتى یان موچه یان پاداشتێك لهخكومهت وه‌رده‌گرێت یان بڕه پاره‌یه‌كى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه لێ ده‌بڕدرێت، هه‌موو ئه‌وكه‌سانه سودمه‌ند ده‌بن له‌م یاسایه".
