شارپرێس:
نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) ناسنامهى ئەوکەسە ئاشكرادهكات كه تەقەی لەدۆناڵد ترەمپ کرد، دهشڵێت:"گەنجێکی تەمەن 20 ساڵەو خەڵکی ولایەتی پەنسیلڤانیایە"، كۆشكى سپیش ئاشكرایكردوه، بایدن بهتهلهفۆن پهیوهندیى بهترهمپهوه كردوه.
نوسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) ناسنامەی ئەوکەسەی ئاشکراکرد کە تەقەی لەدۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەو کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کرد.
زانیارییەکانی نوسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) ئاشكرایكردوه، تەقەکەرەکە ناوی "تۆماس ماتیو کرووکس"ە، تەمەنی 20 ساڵهو خەڵکی ولایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریکایە.
دوای ئەوەی لەویلایەتی پێنسلڤەینیای ئەمریکا تەقەی لێکرا، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پەیامێکی لەتۆڕی "زە تروس" بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "سەرباری سوپاسکردنی هێزە ئەمنییەکانو سەرەخۆشی لەبنەماڵەی ئەوکەسەی لەڕوداوەکەدا کوژرا، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە کاری وا لەئەمریکا ڕوو دەدات".
سەبارەت بەڕوداوەکە ترەمپ ئاماژەی بەوەکردوە، گولەکە پێستی بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی بڕیوە، لەوکاتەدا هەستی بەشتێکی نامۆ کردوەو خوێنی زۆر لێهاتوە، دواتر زانیویەتی تەقەی لێکراوە.
شەممە، 13ی تەمموز 2024، نزیک کاتژمێر 7ى ئێوارە، لەشاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا تەقە لەدۆناڵد ترەمپ کرا، لەکاتێكدا خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنو سەرقاڵی قسەکردن بوە بۆ هەوادارانیو لەئەنجامدا برینداربوو.
دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لەهەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستیپێکردوەو سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستوە کە تەقەکەرەکە لەدەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بوە، لەئەنجامی ڕوداوەکە کەسێک کوژراوەو کەسێکی دیکەش برینداربوە، بەڵام هەندێک لەسەرچاوەی دیکە دەڵێن، ئەوەی کوژراوە تەقەکەرەکە بوە".
هاوکات کۆشکی سپی لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لەسەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەشاری باتلەر لەویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەپەلە پەیوەندیی بەدۆناڵد ترەمپەوە کردوەو لەدۆخی تەندروستیی پرسیوە.
