شارپرێس:
شارپرێس له‌ده‌ڤه‌رى برادۆسته‌وه زانیاریی گرنگى به‌ده‌ستگه‌یشتوه كه توركیا ژماره‌ى بنكه‌و باره‌گاكانى له‌سنورى پارێزگاى هه‌ولێر (ده‌ڤه‌رى برادۆست) زیادكردوه، هاوكات شارپرێس به‌دواداچونى بۆ ئه‌و پرسه كرد‌و به‌ڤیدیۆ وێنه‌ى هێزى نوێى توركیاى له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك تۆماركردوه، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت:"هه‌فته‌یه‌كه سوپاى توركیا له‌و ناوچه‌یه سێ بنكه‌ى سه‌ربازیى گه‌وره‌ى دامه‌زراندوه".
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت به‌شارپرێس دراوه، وردهكاریى جوڵه‌یه‌كى نوێى سوپاى توركیا له‌سنورى پارێزگاى هه‌ولێر ئاشكرادهكاتو باس لهوهشكراوه، سوپای تورکیا بەنیازە ژمارەی سەربازەکانی له‌هه‌رێمى كوردستان‌و ئەو شوێنانەی مەترسی بونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه)ی تێدایە بۆ دوو هێندە زیادبکات.
ئەم زانیاریانه‌ش لەکاتێدایە، هەفتەی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی خوازیارە تەواوی ئۆپه‌راسیۆنەکانی لەسوریاو عێراق کۆتایی بهێنێت، ئەمە سەڕەرای ئەوەی کە چەندینجار حکومەتی عێراقیش بەتورکیای وتوه، کۆتایی بەپێشێلکارییەکانو بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق بهێنێت.
به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى شارپرێس كه تایبه‌ت دهستیكهوتوه، سوپاى توركیا له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ده‌ڤه‌رى هه‌ولێرو بادینانیش به‌خه‌ڵكى ناوچه‌كانیان وتوه، مانەوەیان له‌هه‌رێمى كوردستان دەبێتە هەمیشەییو بنکەی گەورەترو فراوانتریش لەوەی کە ئێستا هەیە دادەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپه‌راسیۆنی زهمینىو ئاسمانیی لەداهاتویەکی نزیکدا ئه‌نجامده‌ده‌ن دژی پەکەکە.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس، ماوەی یەک هەفتەیە سوپای تورکیا لەسنوری پارێزگای هەولێر (دەڤەری برادۆست) پێشڕەوییەکانی زیاترکردوە بەدانانی سێ بنکەی سەربازیی نوێ دروستدەکات‌و ژمارەی بنکەکانی لەسنورەکە زیاد دەکات.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، سوپای تورکیا ماوەی هەفتەیەكه لەسنوری برادۆست به‌تایبه‌ت لە(گەروی زراران، کوێستانی ڕۆبی، ڕوالو گردی کەمکۆڕا) سێ بنکەی نوێی سەربازیی داناوەو ژمارەیەک هێزی سەربازیشى جێگیركردوە.
به‌گوێره‌ى ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌ى تایبه‌ت بۆ شارپرێس تۆماركراوه، ده‌رده‌كه‌وێت لەڕێگه‌ی کۆپتەرى سه‌ربازیه‌وه، سوپاى توركیا سەربازەکانی داده‌به‌زێنێت بۆ ناو سه‌ربازگه نوێیهكانو بەردەوامیش لەڕێگه‌ی فڕۆکەی جەنگی‌و تۆپخانەوەکانیەوە، نزیکی ئەو بنكه سه‌ربازیه نوێیانه بۆردوماندەکاتو ئاگرى لهدارستانو پوش‌و پاوانى ناوچه‌كه به‌رداوه.
هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار لهجوڵهكانى توركیا له‌برادۆست تایبه‌ت بۆ شارپرێس وتى:"ماوه‌ى پێنج ساڵە سوپای تورکیا نزیکه‌ى 10 بنکەی سەربازیی نوێى لەدهڤهرى برادۆست به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانى (چیادێلو گوندی بەرمیزە) داناوەو ئێستاش دوو بنکەی دیکەى له‌و دوو شوێنه زیادکردوەو بەردەوامیش پێشڕەوییەکانی زیاد دەکات".
سه‌رچاوه‌كه مهترسیهكى گه‌وره‌ى ئاشكراكرد‌و ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ى توركیا ده‌یكات بیانوهكهى بونی بنکەو بارەگاکانی (پەکەکە)یه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه لە 46% خاکی ناوچەکەی کۆنتڕۆڵکردوەو خستویه‌تیه ژێر دەسەڵاتیهوه، ماوەی هه‌فته‌یه‌كیشه 20% پێشڕەوییەکانی زیادکردوەو بۆردومانەکانیشی زیاترکردوەو مەترسی زیاتر لەسەر گوندەکانی نزیك ناوچە سنوریەکان دروستكردوه‌و لەسێ مانگى ڕابردوشدا لەسنورەکە سێ هاوڵاتی بەهۆی بۆردومان‌و تۆپبارانه‌وه بونەتە قوربانی، لەئاسمانی سنورەکەش بەردەوام دەنگی فڕۆکەی چاودێریی‌و فڕۆکەی جەنگی دەبیسترێت.
