چۆن هەوڵی کوشتنی خانمی یەکەمی یەکێک لە وڵاتە گەورەکان لە شارەزوور درا؟ پارتی و یەکێتی چۆن پێشوەختە ئاگاداربوون؟

ڕاپۆرت

28/07/2024‌ 2552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

خانمی یەکەمی فەرەنسا کە زۆرجار وەك دۆستی ناوی دەبرێت و هەر بە راستیش سەلماندی دۆستی کورد بووە، بەتایبەت لە کاتی کۆڕەوەکەی خەڵکی باشووری کوردستان، لەبەر ئەو دۆستایەتیەشی هەر زوو دەبێتە ئامانجی دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی پێشووی عێراق و سەدام حسێن دەیەوێت بە کوشتنی دانیاڵ میتران هاوسەری فرانسوا میتران سەرۆک کۆماری ئەوکاتی فەرەنسا، پشێویی لە باشووریی کوردستان دروستبکات، کە تازە بە تازە لە دەستی ڕژێمەکەی سەدام حسێن ڕزگاری ببوو.

دانیاڵ میتران ساڵی ١٩٩٢ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەیەوێت بچێتە سەر مەزار و مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە، بەڵام وەك لە بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگریی سەردەمی بەعسدا هاتووە، لە ڕێگەی ڕۆیشتنی بۆ هەڵەبجە بۆمبێکی چیندراو بۆ دانیاڵ میتران دادەنرێت.

لە خەیاڵی کەسدا نەبووە کە ڕژێمەکەی سەدام بیەوێت خانمی یەکەمی یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا بکاتە ئامانج، ئەویش تەنیا لەپێناوی ئەوەی بە جیهان بڵێت، ئەو بەشەی عێراق کە ناوی کوردستانە و ئێوە پاڵپشتی دەکەن، ئەوەتا بەدەست تیرۆر و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت، هەر ئەوەش نا بەڵکو ئێستا بۆ دبلۆتکار و کەسانی گەورەی جیهانییش بۆتە دۆڵێک لە ئاگر و کەس ژیانی مسۆگەر نییە تێێدا.

لە ڕووداوەکەدا دانیاڵ میتران بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕزگاری دەبێت... بۆمبەکە لە ڕێگەی شارەزوور بۆ دانیاڵ میتران چێندراوە، خاتو میترانیش بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی و  یاوەریی بەشێک لە بەرپرسانی ئەوکاتی پارتی و یەکێتیەوە بەرێوە دەبێت بۆ هەڵەبجە. بەڵام بەڕێکەوت لەو کاتەی ئۆتۆمبێلەکەی دانیاڵ میتران لە بۆمبەکە نزیکدەبێتەوە، بارهەڵگرێك بەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی دانیاڵ و بۆمبەکەدا دەڕوات.
بۆمبەکە تەقییەوە، بەڵام هیچ زیانێك بەر دانیاڵ میتران نەکەوت و دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ گەڕایەوە بۆ فەرەنسا و کوردستانی بەجێهێشت، چونکە زانی پلانگێرییەک لە ئارادایە بۆ ئاشوبێکی گەورە، لەگەڵ ئەوەش کە ژیانی کەوتە مەترسیەوە بەڵام پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد هەر بەردەوام وە باشتر دەبوو.

لە تۆماری بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسدا ئەوە هاتووە، ئەو ڕژێمە زۆر تووڕە بووە لە سەردانە بەردەوامەکانی دانیاڵ میتران بۆ هەرێمی کوردستان و بۆچوونیان وابووە، دانیاڵ بازاڕ بۆ کێشەی کورد پەیدا دەکات و دەتوانێت دۆخی کورد بە جیهانی بکات بۆیە ویستویانە بە هەر نرخێک بێت لەناوی بەرن یان دووری بخەنەوە، بەوەش دوو ئامانج دەپێکن، یەکەمیان ئەوەیە خاتوو متران دور دەخەنەوەو دوەمیشیان ئەوەیە باشوری کوردستان کە دواتر بوە هەرێمێکی سەربەخۆ بە ناوچەیەکی پر ئاژاوەو کێشەو تیرۆر دەناسێنن، کە لەم کارەشدا سەدام حسێن قازانجێکی گەورەی دەکرد.

سالم جومەیلی، بەرپرسی پێشووی هۆبەی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق زانیارییەکی نەبیستراو لەبارەی ڕووداوەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت، پێشوەختە حزبەکانی باشووری کوردستان زانیارییان لەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی دانیاڵ میتران هەبووە و هیچیان نەوتوە، بەڵام ئاشکرای نەکردووە چۆن ئەو حزبانە ئاگادار بوون، ئاخۆ مەبەستیان بووە دانیاڵ بکوژرێت یاخود نا.

لەگەڵم بن و یەکشەمەی داهاتوو بە دۆسیەیەکی تری هەستیارەوە دێمەوە خزمەتتان.