ئا: کەنداڵ جودی ـ دژوار مو‌سا
ژنانی ڕۆژئاوا کە شایەتحاڵی کار‌و خەباتی په‌خشان عه‌زیزى بون لەڕۆژئاڤای کوردستان ڕایانگەیاند، "په‌خشان سەرکردایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کردوەو پێویستە ئاگاداریی په‌خشان عه‌زیزى‌و هاوڕێ ژنەکانی بین".
كۆمارى ئیسلامى ئێران چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حوکمی له‌سێداره‌دانى لەدژی چالاکوانان‌و ڕۆژنامەنوس پەخشان عه‌زیزی دەرکرد، وەک ژنێکی تێکۆشەر لەکاتی دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاڤای کوردستان لەساڵی 2014، بۆ پشتیوانیی لەژنانی ڕۆژئاڤاو ڕێکخستنی خەڵک بەتایبەت ژنان، چوەتە ڕۆژئاڤاو له‌وێ زۆر چالاکیی ڕێکخراوه‌یی ژنانی ئەنجامداوه، به‌ڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە دەستبەسەرکراو چه‌ند ڕۆژێكیش له‌مه‌وبه‌ر سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌ركرا.
سه‌باره‌ت به‌و پرسه، ژنانی پێشەنگی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی شارپرێسەوە، بڕیاره‌كه‌ى ئێرانیان لەدژی پەخشان عەزیزی ئیدانه‌كرد.
ڕێحان تەمۆ ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە سیاسییه‌كانى دیموکراتیکی کۆنگرەی ستار بۆ شارپرێس قسه‌یكردو وتى:"سڵاو بۆ ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی، دواى ئه‌م شۆڕشه‌ش ئێران به‌تایبه‌ت بۆ ژنانى ئازادیخواز ده‌ستپێكردوه‌و به‌ناوى ئه‌وه‌ى تاوانیان لەدژى خودا ئه‌نجامداوه، ژنان ئه‌شكه‌نجه ده‌دات".
ڕیحان تەمۆ وتیشى:"لەدوای ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی، ژمارەی له‌سێداره‌كان لەئێران زیادیکردوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێران لەپشتیوانی‌و ئازادی ژنان دەترسێت، په‌خشانیش ژنێکى ناوداره‌و بەشدارە لەڕێکخستنى جومگه سیاسییه‌كانى باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش بەو مانایەیە کە ژنانی سەرکردایەتی شۆڕشەکان هەمیشە دەکرێنە ئامانج کە چۆن حکومەتی ئاکەپە ژنانی پێشەنگایەتی لەڕۆژاڤای کوردستان دەکاتە ئامانج".
ته‌مۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "په‌خشان عه‌زیزی کارێکی گەورەی هەیە لەڕۆژئاوای کوردستان، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشه بڕیاری لەسێدارەدانى بۆ ده‌ركراوه، ئه‌وه‌شى له‌دواى ساڵی 2022 ده‌گوزه‌رێت له‌ئێران، بەشێکە لەجینۆسایدی ژنان".
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه ڕەمزیە محه‌مەد ئەندامی هەماهەنگیی کۆنگرەی ستار بۆ شارپرێس له‌سه‌ر هه‌مان پرس قسه‌یكردو جه‌ختیكرده‌وه، بڕیاری لەسێدارەدان دژی مافه‌كانى مرۆڤە، "به‌داخه‌وه ئێستاش لەئێران بەتایبەت دژی گەنجان‌و گەلی کورد ئه‌م جینۆسایده بەڕێوەدەچێت".
ئه‌وه‌شى وت:"لەڕاپەڕینی ژنان، ژیان، ئازادییەوە، هەر چالاکوان‌و کەسێک کە بەشداریی ئەم یاخیبونەیان کردبێت، ڕۆژانە دەگیرێن‌و حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت".
ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، "په‌خشان عەزیزی لەساڵانی سەرەتای خۆبەڕێوەبەریدا لەنێو خەڵکی ڕۆژئاوادا بوو جێ ده‌ستى دیاربوو، بۆیە بەناوی ژنانی ڕۆژئاواوە بڕیاری لەسێدارەدانی په‌خشان عەزیزی ئیدانه دەکەین، تەنانەت دژی ئەو بڕیارانەش بەردەوامدەبین له‌كارو خەبات".
ڕەمزیە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستی بەیەکڕیزیی ژنان‌و خەڵک هەیە لەدژی ئەو جۆرە بڕیارانه دژ بەژنان، چونکە بڕیارەکانی لەسێدارەدان زیاتر‌و زیاتر زیاد دەبن.
ڕەمزیە ده‌ڵێت:"وەک چۆن یەکێتییەکی گشتی ژنان لەڕۆژاڤاو باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبوە، پێویستە کاری یەکگرتویی ژنان لەهەموو جیهان‌و لەکوردستاندا ئەنجامبدرێت".
له‌لێدوانه‌كه‌یدا بۆ شارپرێس ڕەمزیە ئه‌وه‌شى وت:"لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە خەباتێک لەدژی ئەم دەسەڵاتەى ئێستا حوكم ده‌كات بەردەوامە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ساڵانێکە خەبات‌و کاردەکەن، بەڵام ژنانیش هەمیشە به‌رامبه‌ریان وه‌ستاون، بۆیە پێویستە شۆڕشى ژن، ژیان، ئازادی، کە لەلایەن ژنانی کوردەوە دەستیپێکرد، بەردەوامبێت‌و بەرخۆدانەکە زیاتربێت".
له‌كۆتاییدا ده‌شڵێت:"پێویستە هەموو ژنێک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئێران لەدەوری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کۆببنه‌وه، بۆ ئەوەی بڕیارى لەسێدارەدانی په‌خشان عەزیزی‌و زۆرێک لەژنانی وەک ئەو هەڵبوەشێتەوەو ئەم ژنانە ئازاد بکرێن، هەربۆیە دەبێت ئاگاداری ئەو ژنانە بین تا بتوانین بڕیارەکانی لەسێدارەدان هەڵبوەشێنینەوە".
