شارپرێس:
لە سنوری کوێستانی پڕژێی سەر بە قەزای چۆمان ورچێک بە بەکوژراوی دۆزراوەتەوە و بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران دەڵێت: " نیگەرانین لە کوژرانی ئەو ورچە و سکاڵامان لەدادگا تۆمارکردووە."
هەژار ئیدبلی، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران ، بە شارپرێسی راگەیاند، " ئێمە لە فەرمانگەی ژینگەی سۆران داوامانکردووە لە دەستەی ژینگە و هۆبەی یاسایی ژینگەی هەولێر تیمێک پێکبهێنن ، کە لێکۆڵینەوە بکەن لە هۆکاری کوژرانی ئەو ورچە، بەهاوبەشی لەگەڵ قایمقامی چۆمان و پۆلیسی چۆمان، چونکە بنکە پۆلیسی دارستان و پێشمەرگەی ژینگە لە سنوری قەزای چۆمان نییە. "
ئاماژەی بەوەشدا: " سکاڵامان تۆمارکردووە
لە دادگا ، تاوەکو بکەری تاوانەکە بە سزایی خۆی بگات، چونکە ئەم ورچە جورێکی قاوەییە و دەگمەنە لە ناو سروشت و ژینگەیی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە مەترسیان لەسەر هەیە لە چیاکانی برادۆست و باڵەکایەتی و ناوچەی شارباژێڕ" .
هەروەها ئەوەشی راگەیاند، " پێشنیارمانکردووە ورچەکە لە چیاکە بهێندرێتە خوارەوە، چونکە دەمانەوێت لاشەکەی مۆمیا بکەین، لە ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد – سەكران."