حکومەتی هەرێم: پێویستە بەغدا بەپەلە مووچەی مانگی ئاب بنێرێت

کوردستان

04/09/2024‌ 1024 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراو بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە،  ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو پەسەندکرا. 

ئەنجومەنی وەزیران، بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی وژمێریاری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستووری عێراق جێگیرکراون، وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێکی تەواو ڕوویدا لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کە بووە هۆی پەیڕەوکردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردوو حکومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردوولا و چارەسەرکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە کە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێکرد. 

هەروەها ، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی ڕابوردوو لە بەغدا،  هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکیەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بوو کە لە ماوەی پێشوو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و لیستەکانی مووچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانووی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو کەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە . 

لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکوو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.