هەژماری من کە وەك شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ شارپرێس ئاشکرایکرد، بیرۆکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بووە، بەڵام ئێستا یەکێتی دابەشی دوو بەرە کردووە، بەشێكیان پشتگیریی دەکەن کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی ئەو بەشە دەکات، بەشەکەی دیکەش دژایەتی دەکەن و بریتین لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پەرلەمانتارەکانی ئەو حزبە لە بەغدا.
سەمیر هەورامی کە وتەبێژی قوباد تاڵەبانیە، ناوەڕاستی ئەمساڵ رایگەیاند، پرۆژەی "هەژماری من" رەتنەکراوەتەوە، هیچ بڕیارێکیش نیە بۆ رەتکردنەوەی پڕۆژەکە. ئەوەش بە لێدوانی فەرمی یەکێتی لە حکومەت دادەنرێت لەبارەی هەژماری منەوە، بەڵام دۆخەکە لەنێوخۆی ئەو حزبە لەبارەی هەژماری منەوە جیاوازە.
شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە لە نوسینێکی نوێیدا ڕەخنەی توند لە هەژماری من دەگرێت و دەڵێت، بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردنی سیستەمی بانکی و نەخێر بۆ پشتیوانیکردنی بانکە ئەهلییەکان لەڕێی (هەژماری من)وە.
هەڵوێستی بەرپرسانی یەکێتی دژی هەژماری من هاوکاتە لەگەڵ فشاری بەرپرسانی ئەو حزبە لە سنوری سلێمانی و زۆنی سەوز، بۆئەوەی فەرمانبەران هەژماری من بکەنەوە، تەنانەت هۆشداریی ئەوەش درا بە فەرمانبەران، ئەگەر هەژماری من نەکەنەوە مووچەکانیان ڕادەگیرێت.