ئه‌مریكا له‌عێراق كه‌وته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌و په‌یامێكى به‌په‌له‌ش ئاراسته‌ى سودانى ده‌كرێت

عیراق

28/09/2024‌ 11428 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاشکرایانکردوە؛ لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر بارەگاکانی حزبوڵڵای لوبنانی لەباشوری بەیروت، هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق بەتایبەتی لەبنکەی عەین ئەسەد خراونەتە ئامادەباشییەوە، هاوكات مقاوه‌مه‌ی عێراقی په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات.


ئەو سەرچاوە ئەمنییانە باسیان لەوەشکردوە؛ هۆكارى خرانە حاڵەتی ئامادەباشی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، ئەگەری هێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێرانە، چونکە ئەو گروپانە ئەمریکا وەک پاڵپشتیکاری سەرەکی ئیسرائیل دەبینن.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی باڵای ئەمریکاوە باسى له‌وه‌كردوه‌، "ئەمریکا لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزەکانی خستوه‌تە ئامادەباشییەوە، هۆشداریشیداوە لەوەی هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتەسەر هێزەکانی، باجی قورس دەدات".

ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنانی چڕکردوەتەوەو بڕیاریشە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 28ی ئەیلولی 2024، پەرلەمانی عێراق تایبەت بەئاڵۆزییەکانی لوبنان کۆببێتەوە.

تایبەت بەئاڵۆزییەکانی لوبنان دوێنێ 27ی ئەیلولی 2024، هێڵی ئاسمانی عێراقی سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی بۆ لوبنان هه‌ڵپه‌سارد.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ مقاوه‌مه‌ی عێراقی سه‌باره‌ت به‌پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و ئاڵۆزییه‌كانی لوبنان‌و غه‌ززه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا داوا له‌سودانی ده‌كات په‌له‌ له‌ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نه‌كات سه‌باره‌ت به‌ئایینده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق تائه‌وكاته‌ی لێكگه‌یشتنه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و موقاوه‌مه‌ی عێراقی ته‌واو ده‌بن.