شارپرێس:
هاشم سەفییەدین کەسایەتییەکی دیاری حزبوڵڵای لوبنانو بەڕابردوە سەربازییو سیاسییەکەی لەناو حزبوڵڵادا ناسراوە.
لەساڵی 1964 لەشارۆچکەی دێر قانون ئەلنەهر لەباشوری لوبنان لەبنەماڵەیەکی شیعییو پێشینەی ئایینیو سیاسیی لەدایکبوە.
سەفییەدین ئامۆزای حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی پێشوی حزبوڵڵای لوبنانە کە لە27ی ئەیلولی 2023 لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژرا.
دوای كوژرانى نەسروڵڵا، ناوی سەفییەدین وەک جێنشینێکی گریمانکراو بۆ سەرکردایەتیی حزبوڵڵا بەرزبووەوە، بەهۆی نزیکیی کەسییو سیاسیی لەگەڵ نەسروڵڵا، هەروەها پێگەی سەرکردایەتیی لەناو حزبەکەدا.
سەفییەدین بەلێکچونی لەگەڵ نەسروڵڵا لەدەنگو ڕواڵەتو تەنانەت لەبێژەکردنی هەندێک پیتدا جیا دەکرێتەوه.
سەفییەدین لەماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا خوێندنی ئایینیی لەمەدرەسە شیعەکانی نەجەف لەعێراقو قوم لەئێران وەرگرتوەو لەساڵی 1983 لەگەڵ کچی پیاوی ئایینی لوبنانیی محەمەد عەلی ئەلئەمین هاوسەرگیریی کردوە. کوڕەکەی بەناوی ڕەزا هاوسەرگیریی لەگەڵ زەینەب کچی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی پێشوی سوپای قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران کردوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە نزیکەکانی بنەماڵەکەییو ئێرانە.
هاشم سەفییەدین لەقۆناغێکی سەرەتاییەوە لەڕیزەکانی ئەو حزبە ناوی دەرکردوەو لەساڵی 1994 دوای گەڕانەوەی لەئێران بەرپرسیارێتی سیاسییو سەربازیی لەئەستۆگرتوەو بوە بەسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنان، بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتە ناوخۆییەکانو بەڕێوەبردنی دامودەزگاو وەبەرهێنانەکانی حزب لەناوخۆو دەرەوەی وڵات بوە.
سەفییەدین لەدوای نەسروڵڵا بەپیاوی دوەم دادەنرا، هەروەک ڕۆڵی لەهەردوو باڵی سیاسییو باڵی سەربازیی ئەو حزبەدا هەبوە.
ئەمریکا لەساڵی 2018دا سزای ئابوریی بەسەردا سەپاند دوای ئەوەی خستییە لیستی "تیرۆری"ەوە، هەروەک وڵاتانی وەک سعودیە، بەحرەینو ئیماراتیش سزای ئابورییان بەسەردا سەپاندوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە شەممەى ڕابردوو چەند سەرچاوەیەک بەکەناڵی عەرەبییەی سعودییان ڕاگەیاند، ئەنجومەنی شورای حزبوڵڵا، هاشم سەفییەدینیان وەک جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا دەستنیشانکردوە.