شارپرێس: سەرچین كریم
لەرووداوێكی دڵتەزێن و نامۆدا، بەرواری ٢٠٢٤/٠٩/٢٩ لە قەزای سەلاحەدینی سەر بە پارێزگای هەولێر پیاوێک بەناوی ( دڵشاد قەرەنی رحمان) کە خاوەنی دوو ژنە و پلەی عەقیدە لەناو هێزی پێشمەرگە، لەئەنجامی کێشەیەک لەگەڵ کوڕێکی خۆیدا، هاوژینی دووەمی دەکوژێت و ئامادەش نییە خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزاکە بە شارپرێسی ووت، پیاوێک بە ناوی(دڵشاد قەرەنی رحمان) کە خاوەنی دوو ژنە، یەکێک لە هاوژینەکانی خۆی بە ناوی(گوڵچین وشیار بەکر) لە ماڵەکەی خۆیاندا کوشتووە.
بەپێی سەرچاوەکەی پۆلیس، کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرابکات، دەڵێت؛ کێشەکە کۆمەڵایەتیی بووە، پەیوەندیی سۆزداری لەنێوان کوڕێکی بکوژ بەناوی( احمد دڵشاد قەرەنی) و هاوژینە تازەکەی بەناوی (گوڵچین وشیار بەکر) هەبووە؛ پاش ئاشکرابوونی لەلایەن مێردەکەیەوە هاوژینە تازەکەی کوشتووە و کوڕەکەشی هەڵاتووە، تاوانباریش تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.
وتیشی، بکوژەکە بەهۆی ئەوەی یەکێکە لەبەرپرسە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە و پلەی عەقیدی هەیە، تا ئێستا ئامادەنییە خۆی رادەستی پۆلیس بکات، هەروەها لەهەوڵداین بۆ دەستگیرکردنی ( احمد )ی کوڕی.
شایانی باسە، تەرمی ( گوڵچین) لە ئێستادا لە پزیشکی دادی هەولێرە و بەهۆی ئابڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئامادەنین تەرمەکەی وەربگرنەوە، لە لایەن کەسوکاری زڕدایکەکەی و باوکی هەڕەشەی کوشتن لە ( احمد دڵشاد ) دەکرێت.
