نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە پەیامەكەی ئۆجالان دەكەین

کوردستان

27/02/2025‌ 390 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە گەرمی پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجالان و بانگەوازەكەی بۆ چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە دەكەین.

نێچیرڤان بارزانی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "داواكارین پەكەكە پابەند و گوێڕایەڵی پەیامەكە بێت و جێبەجێی بكات. هیوادارین ئەم بانگەوازە زەمینەخۆشكەر بێت بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە. بێگومان سەردەمی خەباتی ئاشتی و مەدەنی و دیموكراسییە‌ و لەو ڕێگەیەوە ئەنجام و دەستكەوتی باشتر دێنە دی، نەك بە چەك و توندوتیژی".

دەشڵێت "ئێمە لە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی تەواو لە پرۆسەی ئاشتی دەكەین و هەرچی بكەوێتە سەرشانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، ئامادەین ڕۆڵی یارمەتیدان و هاریكاریی بگێڕین. هەروەها بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی بەڕێز سەرۆك ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاك پارتی دەڕوانین كە هەر لە سەرەتای دەسەڵاتەوە بە بیر و بڕوا و ڕوانگەیەكی ڕوونەوە زەمینەسازی و كاریان بۆ ئاشتی كرد".

سەرۆكی هەرێم راشیگەیاند "هیوادارین قۆناغی داهاتوو بە بەشداری و هاودەنگیی لایەنەكانی دیكەش لە توركیا، قۆناغی سەركەوتنی ئاشتی و چارەسەری بێت و ئارامی و سەقامگیری باڵ بەسەر وڵاتەكە و تەواوی ناوچەكەدا بكێشێت".