قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێت "كورد هەمیشە گەلێكی ئاشتیخواز بووە و بزووتنەوە كوردییەكان وەك دوا رێگەچارە و بە ناچاری، بۆ پاراستنی مان و داكۆكی لە مافە بنەڕەتییەكان پەنایان بردوەتەبەر بە چەك".
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا ئاماژە بەوە دەكات "ئەمڕۆ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێكی دیكە دەرگای بەڕووی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە و دیموكراسییەكانی پرسی كورد لە توركیادا كردەوە و هاوكات دەستپێكی قۆناغێكی نوێی تێكۆشانی سیاسی بۆ كورد لە توركیا راگەیاند".
دەشڵێت "هیوادارین و گەشبینین ئەمجارەیان پرۆسەكە بە ئەنجامێكی دڵخواز بۆ هەردوو گەلی كورد و تورك كۆتایی بێت و پێكەوە بناغەی پێكەوەژیانێكی راستەقینە بونیادبنێن".
هەروەها رونیكردەوە "ئەركی هەموو لایەكمانە پێشوازی لە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان بكەین و لە هەر چەشنە هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ سەرخستنی پرۆسەكە درێخی نەكەین".