وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێکی بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دەرکرد

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 657 جار خوێندراوه‌ته‌وه



وەزیری دارایی زیاتر لە ٤٥ ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج دەکات.    

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، وەزیری دارایی چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی بەڵێندەران دەردەکات. بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەکێتی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بەوەزارەت، دوای ئەو کۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکان، چەند بڕیارێکی لەبەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانە دەرکرد کە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەکانن.  

هەروەها وەزیری دارایی بڕیاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە ٤٥ ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و ڕێگای دووسایدی کەلار - دەربەندیخان و شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین.      

هاوکات هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا بەبەردەوام بوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی ( التأمینات و خطاب الضمان ) ی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکان ، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.   

بڕی تەرخانکراو:                                

١- ٤،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.   

٢- ٤،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا. 

٣- ٣،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار ، بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.   

٤-٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.                  

٥- ٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین.     

٦- ٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.       

٧- ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.     

٨- ٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ بیست ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ( ١٠٠ ) مەتری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).

٩- ١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.