ماڵپەڕێکی هەواڵی ئەمریکی ئاشکرایکرد، لەئێستادا هێزەکانی ئێران لەناوچە بیابانییەکانی عێراق سەرقاڵی مەشقکردنە بە هەزاران چەکداری ڕژێمی پێشوی سوریا.
ماڵپەڕی "میدیا ڵاین"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە،" ئێران دەیەوێت هەژمونی سەربازی و سیاسی خۆی بۆ سوریا بگەڕێنێتەوە، لەئێستاشدا لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگای ئەنبار، مەشق و ڕاهێنان بە هەزاران سەربازی هەڵاتوی ڕژێمی پێشوی سوریا دەکات ".
ئەوەشخراوەتەڕوو،" ئەو چەکدارانە لەچەند بنکەیەکی سەربازی لەناوچەکانی قائیم و جورفئەلسەخەر مەشقیان پێدەکرێت، کە ئەفسەرێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران سەرپەرشتیان دەکات ".
هاوکات، ئەو دەزگا میدیاییە ئەمریکییە لەزاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردوەتەوە، خەڵکی ناوچەکە ئەو سەربازانەیان بینیوە، کە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لەئێران هاتوچۆ دەکەن.