شارپرێس:
سەرۆک کۆماری تورکیا
ڕایدەگەیەنێت، جگە لە حکومەتی ناوەندی سوریا، هیچ دەسەڵاتێکی
دیکە لەو وڵاتەدا قبوڵ ناکەن، دەشڵێت،" فیدراڵییەت لەسوریا خەیاڵێکی خاوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی بەڕێوەچونی کۆنفرانسی
"یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان" ئاماژەی
بەوەکرد،" دروستکردنی پێکهاتەیەکی فیدراڵی جگە لە خەیاڵێکی خاو، هیچی دیکە
نییە، ئەمە لە واقعی سوریاش جێگەی نابێتەوە ".
ئەردۆغان وتیشی،" پێشنیاز دەکەم بڕیار لە پێناو خزمەتکردن و بە
سەقامگیریی ناوچەکە بدەن، نەوەک خەیاڵی دروستکردنی حکومەتێکی فیدراڵ بکەن و بڕیار
بۆ هەڕەشەکردن لە ناوچەکە بدەن ".
ئەوەشیخستەڕوو،"
لە سوریا جگە لە حکومەتی شام، هیچ دەسەڵاتێکی دیکە و جگە لە سوپای سوریا هیچ گروپێکی
چەکداری قبوڵ ناکرێت ".
سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد،'' سازش
لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا ناکەین و دەزانین حکومەتی سوریاش بە هەمان
هەستیارییەوە مامەڵە دەکات.''