شارپرێس:
سەرۆکی یه‌كه‌م دانیشتنی پەرلەمانى كوردستان له‌خولى شه‌شه‌م ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێچەوانەی یاسایە"، ده‌شڵێت:"خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مان به‌هه‌ڵوه‌شاوه حسابه".
محەمەد سلێمان سەرۆکی یه‌كه‌م دانیشتنی پەرلەمانى كوردستان له‌خولى شه‌شه‌م لەکۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه چاوه‌ڕوان مه‌حمود په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو ڕایگەیاند، "خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەهەڵوەشاوەیی حسابە، چونكه له‌دواى بانگه‌وازى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان‌و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئه‌مانه پێچەوانەی یاسان".
هه‌روه‌ك داواى ئه‌وه‌شیكرد، "پێویستە فەرمانی هەڵوەشاندنەوە بۆ پەرلەمان دەربکرێت‌و له‌ئێستا به‌دواوه بەرپرس نیم لەهەر ڕێکارێکی دیكه‌ى یاسایی کە دەگیرێتەبەر به‌رامبه‌ر به‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان".
پێشتر‌و له15ى مانگى ڕابردوو، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پۆستێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی ئێستا بەڕێوەناچێت، لەتشرینی دوەمی 2022وه‌وه نە پەرلەمانمان هەیەو نە حکومەتێکی باوەڕپێکراو، دەشتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێتەوە لەهەمان کاتی ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەمانگی 11ى ئەمساڵ".
شاسوار عەبدولواحید ئه‌وه‌شى باسكردبوو، "چاوەڕوانی هەنگاوی گرنگ بن لەنەوەی نوێ لەدوو هەفتەی داهاتودا.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، به‌ڵام تائێستا نه ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان پێكهێنراوه‌و نه توانراویشه پێكهاته‌ى كابینه‌ى نوێ یه‌كلابكرێته‌وه.
