زانیاریى نوێ لەبارەی ناکۆکییەکانی هەسەدەو دیمەشق ئاشکرابون

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7792 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی سوریا پێشنیازەکانی هەسەدە ڕەتدەکاتەوەو پابەندە بەڕێککەوتنی مانگی ئادارەوە بەجۆرێک "هیچ هێزێکی سەربەخۆ لەناو سوپادا نییە"، بەڵام هەسەدە سورە لەسەر پارێزگاری لەهێزەکانی و سیستمی لامەرکەزيی.


بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەمیانی کۆبونەوەیەکی فەرمیدا لەدیمەشق لەڕۆژی چوارشەممە، حکومەتی سوریا چەند پێشنیازێکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن شاندی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پێشکەشکرابون، پابەندبونی تەواوی خۆی بەمەرجەکانی ڕێککەوتنی مانگی ئادار دوپاتکردەوەو جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەبێ دواکەوتن و شێواندن کردەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، شاندەکەی هەسەدە، پێداگريی لەسەر پەیوەستبون بەسوپای سوریاوە وەک هێزێکی سەربەخۆ لەژێر ناوی "هێزەکانی سوریای دیموکرات"، هاوکات پارێزگاری لەهەیکەلە سەربازيى و ئیدارییەکەی کردوە.

 دیمەشق بەتوندی ئەوەی ڕەتکردەوەو جەختی لەوەکردەوە، "لەدەرەوەی چوارچێوەی سوپای عەرەبی سوریا، هیچ شوێنێک بۆ هیچ پێکهاتەیەکی سەربازيی سەربەخۆ نییە".

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیدارەی خۆسەر داوای دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانی لامەرکەزی کردوە کە دەسەڵاتی فراوانی پێببەخشرێت لەباکورو ڕۆژهەڵاتی وڵات، لەوانەش ئیدارەی ناوخۆیی و ئاسایشی ناوخۆ.

 حکومەتی سوریا ئەوەشی بەپێشێلکردنی پرەنسیپی سەروەريی و یەکگرتویی دەوڵەت زانیوە.

 حکومەتی سوریا جەختیکردوه، هەموو ناوچەکانی سوریا به باکورو ڕۆژهەڵاتیشەوە دەبێت لەژێر دەسەڵاتی ‌ئیداريی و ئەمنی دیمەشقدا بن.

 دیمەشق هۆشداریشیداوه لەوەی، بەردەوامی دواکەوتن و هەوڵدان بۆ دەربازبون لەڕێککەوتنەکە، ڕەنگە ببێتە هۆی "کاردانەوەی جددی کە لەبەرژەوەنديی هیچ لایەنێکدا نییە".
ئ.ه