ڕاپۆرتی شیکاری - شارپرێس:
پێشەکی
جێنشینی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامی، یەکێکە
لە پرسە بنەڕەتییەکانی سیستمی سیاسی لە ئێران. پێگەی ڕابەری باڵا نوێنەرایەتی بەردی
بناغەی پاراستنی ویلایەتى فەقیه و ناوەندی ڕاستەقینەی بڕیاردانی سیاسی، ئەمنی، ئایینی
و ئابوورییە لە وڵاتدا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنی خامنەیی و زیادبوونی قسە و باسەکان
سەبارەت بە تەندروستی، نیشانەکانی ململانێیەکی توندی سیاسی-ئایدیۆلۆژی لە نێوان باڵە
بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازەکان و تەنانەت لە ناو خودی بەرەى بناژۆخوازیشدا، لەسەر ئەوەی
کێ شوێنی دەگرێتەوە، سەریهەڵداوە.
پێشهاتەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی دەنگی ڕانەگەیەندراوی
ئەنجومەنى شارەزایان و پشتڕاستکردنەوەی سێ کاندیدی سەرەکی (موجتەبا خامنەیی، ئایەتوڵڵا
عەلیرەزا ئەعەرافی، و هاشم حوسێنی-بوشەهری)، نیشانی دا کە دەسەڵات بە شێوەیەکی کاریگەر
چووەتە قۆناغێکی دوای خامنەیی، تەنانەت پێش ئەوەی ئەو کەسە خۆی کۆچی دوایی بکات.
یەکەم: کۆنتێکستی گشتی قەیرانەکە
لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979ەوە،
سەقامگیری ڕژیم بە کەسایەتی ڕابەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامییەوە گرێدراوە کە لە خومەینی
و پاشان خامنەییەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئاڵنگارى ئەمڕۆ لە چۆنیەتی دەستەبەرکردنی
بەردەوامیی ڕژێمدایە لە دوای ڕۆیشتنی ڕابەری باڵاى ئێستاى ئێران، لە نێوان فشارە
ناوخۆییەکان (قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، ململانێی نەوەکان) و فشارە
دەرەکییەکان (دابڕانی نێودەوڵەتی، ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سزای ئەتۆمی).
ئەنجوومەنی پارێزەرانى دەستوور لەم دواییانەدا زۆربەی
کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکانى لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان بێبەش کرد و خواستی
بناژۆخوازەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی جێنشینی ئاشکرا کرد. هەرچەندە ئەنجومەنى
شارەزایان لە ڕووی تیۆریەوە دەسەڵاتی هەڵبژاردنی ڕابەری باڵاى شۆڕشی پێدراوە، بەڵام
لە پراکتیکدا ملکەچی هاوسەنگی هێزە لەناو دەزگا ئەمنی و ئایینییەکاندا.
دووەم: کاندیدە سەرەکییەکان
1. موجتەبا خامنەیی
لایەنگران: سوپای پاسداران، دەزگا ئەمنی و تۆڕەکانی کاریگەری
ئابووری پەیوەست بە نووسینگەی ڕابەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامییەوە.
خاڵە بەهێزەکان: میراتی باوکی درێژە پێدەدات، ئەزموونێکی
بەرفراوانی هەیە لە بەڕێوەبردنی نووسینگەی ڕابەری باڵا، پشتیوانی لێدەکرێت لەلایەن
دەزگا سەرکوتگەرەکانەوە، گوتارێکی نزیک لە گەنجان پێشکەش دەکات.
خاڵە لاوازەکان: تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە هەوڵ دەدات ئەو
پۆستە بکات بە میراتگری، ئەمەش نیگەرانی لەناو دەستەبژێرە ئایینییەکەدا دروست دەکات؛
نیگەرانی ئەوە هەیە کە هەڵبژاردنى ئەو ببێتە هۆی دوورخستنەوەی نەوەی یەکەم و دووەمی
شۆڕش.
2. ئایەتوڵڵا عەلیرەزا ئەعەرافی
لایەنگران: کەسایەتییە بناژۆخوازە میانڕەوەکان و هەندێک
لە ڕیفۆرمخوازان و پیاوانی ئایینی دیار وەک سادق ئامۆلی لاریجانی و حەسەن ڕۆحانی و
بەشێک لە حەوزەى قوم.
خاڵە بەهێزەکان: بە کەسێک دادەنرێت کە تاڕادەیەک کۆدەنگی
لەسەرى هەیە؛ لەلایەن ڕیفۆرمخوازان و پیاوانی ئایینی نەریتگەراوە جێگەى قبوڵە و هەڕەشەیەکی
ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەستەبژێرە کۆنەکان دروست ناکات.
خاڵە لاوازەکان: پشتیوانییەکی بەرفراوانی ئەمنی و سەربازی
نییە، ئەمەش دەتوانێت پێگەی لە بەرامبەر دامەزراوە قووڵەکانی دەوڵەتدا لاواز بکات.
3. هاشم حوسێنی
بوشەهری
بە بژاردەیەکی ئەڵتەرناتیڤ دادەنرێت، بەڵام چانسی کەمترە
لە چاو ڕکابەرەکانی. زۆرجار وەک کاندیدێکی یەدەگ سەیر دەکرێت ئەگەر کۆدەنگییەک بەدینەهات
لەسەر موجتەبا یان ئەعرافی.
سێیەم: هاوسەنگی ناوخۆیی
ڕیفۆرمخوازان: هەوڵ دەدەن ڕێگری لە موجتەبا بکەن کە ببێتە
ڕابەرى داهاتوو و پشتیوانی ئەعرافی دەکەن چونکە ڕۆڵێکی گەورەتر بە سەرۆکی هەڵبژێردراو
دەبەخشێت و هاوسەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەپارێزێت.
بناژۆخوازە توندڕەوەکان: پێیان وایە موجتەبا گەرەنتی بەردەوامبوونی
شۆڕش و هەناردەکردنی دەکات، وەک کاندیدێک تەماشای دەکەن کە گەرەنتی کۆنترۆڵی ئەمنی
و سەربازی دەوڵەت بکات.
بناژۆخوازە میانڕەوەکان (فراکسیۆنی لاریجانی/ڕۆحانی): وەک
سازانێک لە ئەعرافی دەڕوانن کە گەرەنتی بەردەوامی ئامادەیی سیاسییان دەکات.
سوپای پاسداران: موجتەبا پەسەند دەکەن لەبەر ئەوەى دڵنیا
دەبن لەوەى کە کاریگەریی سەربازی و ئەمنییان دەمێنێتەوە.
چوارەم: کاریگەرییە ئەگەرییەکان بۆ دەسەڵات
1. ئەگەر موجتەبا
سەرکەوێت:
أ. بەهێزکردنی دەسەڵاتی
ئەمنی-سەربازی.
ب. ئەگەری پەراوێزخستنی
دەستەبژێرە کۆنەکان، کە دەتوانێت ململانێی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە.
ت. لاوازکردنى ئۆپۆزسیۆن،
وەبەرهێنانی زیاتر لە گوتارى شۆڕشگێڕانە لە بەرامبەر بە گوتارى ناسیۆنالیستی.
2. ئەگەر ئەعەرافی
سەرکەوێت:
أ. کەمکردنەوەی
گرژییەکان لەگەڵ چاکسازیخوازان و پێدانی بوارى زیاتر بە سەرۆکی هەڵبژێردراو.
ب. ڕژیم لە چوارچێوەی
هاوکێشەی هاوسەنگی ناوخۆییدا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەگەری نەرمی نواندنى زیاتر لە سیاسەتی
دەرەوەدا.
ت. مەترسی دووبەرەکی
لە ناو دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا دەبێت کە دەتوانێت ڕژیم ناسەقامگیر بکات.
3. ئەگەر حسینی
بوشەهری سەرکەوێت:
بژاردەیەکى ناچاری دەبێت بۆ ڕێگری کردن لە پەراوێزخستنى
دەستەبژێرە کۆنەکان، بەڵام توانای کۆنترۆڵکردنی لاواز دەبێت.
پێنجەم: ئاماژەیەکى سەرەنج ڕاکێش
یەکێک لە ئاماژە سەرنجڕاکێشەکان پێشکەشکردنی سروودی نەتەوەیی
ئەی ئێران بوو لەلایەن خامنەیی لە بۆنەیەکی ئایینیدا. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئامادەکردنی
زەمینە بۆ برەودان بە بیری ناسیۆنالیزمی ئێرانى لێکدرایەوە تا ببێتە فاکتەرێک بۆ شەرعییەت
دان بە نەتەوەى ئێرانى لە برى شۆڕشی ئیسلامی، ئەگەر پڕۆژەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ
موجتەبا نەتوانرا تێپەڕێنرێت.
ئەنجام
ئێران دەچێتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، بەو پێیەی باس لە
جێنشینی ڕابەری باڵا چیتر بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکو ململانێیەکی ڕاستەقینەیە لە
نێوان هێزەکاندا. ئەگەری زۆریش هەیە کە سوپای پاسداران ناکۆکییەکە بە قازانجی موجتەبا
خامنەیی یەکلا بکاتەوە، بە تایبەت ئەگەر ئەنجومەنى شارەزایان بە فەرمی پشتیوانی لەم
بژاردەیە بکات. ئەگەری دووەمیش ئەوەیە کە کەسایەتییەکی تەوافوقی وەک ئەعەرافی سەربخرێت
بۆ دڵنیابوون لەوەی ناکۆکی ناوخۆیی سەرهەڵنادات.
مەترسیدارترین سیناریۆ: لێکترازانى دامودەزگاکان لە نێوان
موجتەبا و ئەعەرافی، کە دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی شەرعیەت و داڕمانی سیستەمی
هاوسەنگی کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە لە شوێنی خۆیدایە.
هەر بۆیە شەڕی جێنشینی خامنەیی تەنیا گواستنەوەی دەسەڵات
نییە؛ تاقیکردنەوەیەکی وجودییە بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی لە نێوان بژاردەی نوێکردنەوەی
شۆڕش و بژاردەی بەرهەمهێنانەوەی دەوڵەت.
