عێراق ڕێكه‌وتنى ته‌واو له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم ئاشكراده‌كات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایده‌كات، ڕێكه‌وتنى ته‌واو له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌، ده‌شڵێت، "جگه‌ له‌نه‌وت، له‌باره‌ى داهاتی نانەوتیش ڕێککەوتنی تەواوکراوەو ئەمڕۆش وەزیری نەوت ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوت دەباتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران".

 
لەچوارچێوەی ئەو لیژنە وزارییە، تەکنیکی‌و یاسایی‌و داراییەی کە حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەری گرفت‌و کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر پێکیهێنا، ئەمڕۆ سێشەممە، لەدیوانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کۆبونەوەیەکی گرنگ‌و بەرفراوان بەئامادەبونی چەندین وەزیرو بەرپرسی حکومی باڵای نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت:"کۆبونەوەکە زۆر بەئەرێنی بەڕێوەچوو، هەموو ئامادەبوان بەیەک تیم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشدارییان تێداکرد".

وتیشى:"لەسەر بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتنی تەواو کراوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "تاڕادەیەک ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی کراوەو بۆچونەکان به‌گوێره‌ى یاسای بودجەو یاسای ئیداری مالی لەیەکەوە نزیکن".

ئه‌وه‌شى وت:"تەنها لەسەر بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێبینی هەیە، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەویش دەکرێت".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق باسى له‌وه‌شكرد، "ئەمڕۆ وەزیری نەوت ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوت دەباتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق".