شارپرێس:
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێكخراوى (سى پى تى ـ CPT)ى ئهمریكى لهبارهى سزاكهى ئهمڕۆى دادگاكهى ههولێر بهرامبهر شێروان شێروانى هاتنهدهنگو زانیاریى گرنگ ئاشكرادهكات، داواشدهكات، سەرجەم ناوەندەکانی پەیوەست بەمافەکانی مرۆڤ، کۆنسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان، ڕێکخراوە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکان، فشاری جدی بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سزادانی شێروان شێروانی لەقۆناغی (تەمیز)دا، دهشڵێت:"چەندین پێشێلکاری زەقو ئاشکرامان لەپڕۆسەی بەڕێوەچونی دادگاییەکە تۆمارکردوه".
لهڕاگەیاندراوێكدا، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێكخراوى (سى پى تى ـ CPT)ى ئهمریكى نوسیویهتى، "مامەڵەی دوژمنکارانەو ناداپەروەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرامبەر بەڕۆژنامەوان (شێروان شێروانی)و ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان بەردەوامە".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانی زیندانیکراو، شێروان شێروانی لەسەر کەیسێکی نوێ، لەدادگای کەتنی بنەسڵاوە بەڕێوەچوو.
دوای دوو کاتژمێر لەدادگاییکردن، شێروان شێروانی بەگوێرەی مادەی 229 لەیاسای ژمارە 111ی سزادانی عێراقی، بەهەڕەشەکردن لەفەرمانبەرێکی ئەمنی ناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر تاوانبارکراو دواتریش بەچوار ساڵو پێنج مانگ زیندانیکردن، حوکمدرا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، نوێنەرایەتی کۆنسوڵخانەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیو چەند پەرلەمانتارێک چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکەیان کرد.
لهوبارهیهوه تیمی CPT ڕایگهیاندوه، چەندین پێشێلکاری زەقو ئاشکرایان لەپڕۆسەی بەڕێوەچونی دادگاییەکە تۆمارکردوه کە بریتین لە:
1ـ پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەو پێشکەشکردنی پەڕاوو داواکاریان پێنەدرابوو.
2ـ ناوەوەی دادگاو دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بەسەربازگە کرابوو، هەروەها چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، بەجلی مەدەنیو بەچەکەوە لەناو چاودێرانی پڕۆسەکە، خانەوادەو هاوکارانی شێروان بڵاوەیان پێکرابوو.
3ـ سکاڵاکار، بانگەشەی هەبونی دوو گەواهیدەری دەکرد، کە گوایە لەوکاتەی کە شێروان هەڕەشەی لێکردوە ئامادەییان هەبوە، شێروان ڕەتیکردەوە کە هیچ هەڕەشەیەکی کردبێتو هیچ گەواهیدەرێکیش بۆ ئەوە هەبێت، بۆیە داوای هێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی کرد بۆ ئەم ڕوداوە، بەبیانوی ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا، کامێراکانی چاودێری، ڤیدیۆکانی تۆمارنەکردوە، هیچ ڤیدیۆیەک وەکو بەڵگە پێشکەش بەدادگا نەکرا.
4ـ کۆمەڵێک پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو بەڵگە پێشکەشکرابون، کە سکاڵاکار ئاماژەی بەوەدا، سوکایەتی پێکراوەو ناوی زڕێندراوە، بەڵام کاتی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 2022 ـ 2023، شێروان شێروانی لەزینداندا بوەو هیچ کەسێکیش لەزینداندا ڕێگەپێدانی نییە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چۆن دەکرێت ڤیدیۆیەک کە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەکردبێتەوەو لەکاتی بڵاوکردنەوەشیدا لەزیندان بوبێت، بخرێتە پاڵیو وەکو بەڵگە وەربگیرێت؟!.
5ـ بەگوێرەی ئەو مادە یاساییەی کە شێروان شێروانی پێ تاوانبارکراوە، قورسترین سزا بۆ کەسی تاوانبار دوو ساڵە کە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێکی حکومی یاخود ئەنجومەنێکی فەرمیدابێت، خۆ ئەگەر هەڕەشەو پەلامارەکە، بەرامبەر بەدادوەرێک، یاخود ئەنجومەنێکی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار سێ ساڵ دەبێت، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، کە بەگوێرەی هەمان مادەی یاسایی، ئەمڕۆ شێروان شێروانی بەقورسترین شێوە، بەچوار ساڵو پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.
6ـ بەبیانوی، نەبونی شوێنی پێویست، زۆرینەی چاودێرانی کۆنسوڵخانەکان، ڕێکخراوەکان، پەرلەمانتارانو تەنانەت خانەوادەی شێروان شێروانی ڕێگریان لێکرا چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بکەن.
7ـ لەدوای تەواوبونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە، بەشێک لەڕۆژنامەوانان، چالاکوانانو خانەوادەی شێروان شێروانی لەبەردەم باڵەخانەی دادگاکە، ناڕەزایەتی مەدەنییان دەربڕی، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکی چەکدار، بەجلی مەدەنییەوە هێرشیانکردەسەر بەشدارانی ناڕەزایەتییەکەو بەلێدانو ئەشکەنجەدان بڵاوەیان پێکردن.
هاوكات جهختیشدهكاتهوه، "ئێمە لەتیمی کوردستانی عێراقی CPT، ناڕەزایەتی قووڵی خۆمان بەرامبەر بەبەکارهێنانی سیستەمی دادوەریی بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، ترساندنو تۆڵەکردنەوە لەڕۆژنامەوانان دەردەبڕین".
باس لهوهشدهكات، "بەردەوامی مامەڵەی دوژمنکارانەو حوکمی نادادپەروەرانە بەرامبەر بەڕۆژنامەوانانو چالاکانی مافەکانی مرۆڤ مەوداکانی ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسک دەکەنەوەو هەڕەشەی جدی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دروستدەکەن".
داواکاریشه، سەرجەم ناوەندەکانی پەیوەست بەمافەکانی مرۆڤ، کۆنسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان، ڕێکخراوە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکان، فشاری جدی بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سزادانی شێروان شێروانی لەقۆناغی (تەمیز)دا.
