شارپرێس:
سەرۆکی ڕێکخراوی بەدرو سەرکردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هەڕەشەی ئەوە دەکات بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بەجلی حەشدەوە دەچنە پەرلەمانی عێراق تا یاساكە تێدەپەڕێندرێت.
هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدرو سەرکردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەو ئاڵنگارییەكی مێژویی گەورەدایە بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، دور لەهەر کاریگەرییەکی ناوخۆیی یان دەرەکی". ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ تێپەڕاندنی یاساکە بەجل و بەرگی حەشدەوە دەچینە ناو پەرلەمانی عێراق".
هەڕەشەكانی عامری بەتێپەڕاندنی یاساكە کە خواستی بەشێک لە هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، پاڵپشتی هەڵوێستی گروپە چەکدارەکان دەکەن، کەدەستیان کردوە بەهەڕەشەکردن بۆ گەڕانەوە بۆ یەکێتی گۆڕەپانەكان (ئاماژەیە بۆ هاوهەڵوێستیان لەگەڵ تاران و گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لەناوچەكە)، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، پێدەچێت جگە لەقوڵکردنەوەی ناكۆكی نێوان هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەكانی عێراق بەگشتی، ناكۆكییەكانی واشنتۆن بەغداش قوڵتر بكاتەوە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوو بڕیاریاندا دانیشتنێک ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کەچەند ڕۆژێک بوو لەبەرنامەی کاردا بون. ئەم دانیشتنە تەواوکەری بانگەوازەکەی عامری بوو بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، کە جۆرێکی نوێی کۆکردنەوە لەخۆدەگرێت: ئەندامانی پەرلەمانی شیعە کەجلوبەرگی فەرمی چەکدارانی هێزەکانی حەشدی شەعبیان لەبەردایە.
پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی شیعە (180 پەرلەمانتاری شیعە لەکۆی 325 پەرلەمانتاری پێکهاتەکانی دیکە)، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نەیتوانیوە دانیشتنێکی نیسابی تەواو ئەنجام بدات بۆ پەسەندکردنی یاساکە.
ش.ح