سەرۆک هۆزەکانی ڕەققە له‌باره‌ى هه‌سه‌ده‌وه‌ هۆشداریى به‌هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ده‌ن

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک هۆزەکانی ڕەققە له‌باره‌ى ده‌نگۆى هێرشكردنه‌سه‌ر هه‌سه‌ده‌ نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ده‌ن‌و ده‌ڵێن، "نابێت هەسەدە چەک ڕادەستبکات‌و ده‌سه‌ڵاتى دیمەشق بگەڕێتەوە شاره‌كه‌مان".


بەگوێرەی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆک هۆزو کەسایەتییەکانی شاری ڕەققە کۆبوه‌تەوەو تێیدا جەخت لەوەکراوەتەوە، بەهیچ شێوەیەک نابێت ڕێگە بەڕادەستکردنی چەک‌و کردنە دەرەوەی هەسەدەو گەڕانەوەی حکومەتی دیمەشق بدرێت.

ڕوانگەکە باسی لەوەشکردوە، شاندی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، کۆبونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ سەرۆک هۆزو کەسایەتییەکانی زیاتر لە 15 هۆزی گەورەی ڕەققە ئەنجامداوه‌، هەروەک نزیکەی 50 نوێنەری پارتە سیاسییەکان‌و ڕۆشنبیران‌و پارێزەرانی مافی مرۆڤ‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی‌و ڕێکخراوەکانی ژنان‌و کەسایەتییە ناوخۆییەکان بەشداربون.

لەو کۆبونەوەیەدا، گفتوگۆیەکی بەرفراوان دەربارەی داهاتوی ڕەققەو دۆخی ئێستای ناوچەکە کراوە.

ئامادەبووان جەختیان لەسەر پابەندبونی خۆیان بەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردوه‌تەوەو وتویانه‌، ئەوان کوڕانی ناوچەکەن‌و دەیان هەزار شەهیدیان لەپێناوی ڕزگارکردنی شارەکە لەدەستی داعش بەخشیوە.

بەشداربوان داوایان لەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردوە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەڕادەستکردنی چەک یان شارەکە یان دەرکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لیی نەدەن‌و ناڕەزایەتیی خۆیان لەگەڕانەوەی حکومەتی دیمەشق بۆ ڕەققە دەربڕیوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوریی، شێخ‌و کەسایەتییەکانی ڕەققە ئاماژەیان بە"کۆمەڵکوژیی‌و پێشێلکارییەکان دژی خەڵکی کەناراوەکان‌و دروزەکان" کردوەو جەختیانکردوه‌تەوە، ناتوانن ڕێگەبدەن ئەو ئەزمونە خوێناوییە لەشارەکەیان دوبارەببێتەوە.