شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، لەدرێژەی سیاسەتی زۆرترین فشار بۆسەر ئێران، سورە لەسەرئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بگەیەنێتە سفر.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لهتۆڕى كۆمهڵایهتى ئێكس پەیامێکى بهزمانى فارسی بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "پەیامی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ لەبەئامانجگرتنی شادەمارە سەرەکییەکانی ئابوریی ئێران ڕونەو ئەویش ئەوەیە ئەم حکومەتە دەبێ هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت؛ بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوی گۆشەگیرییو کێشەی ئابوریی بەردەوامدەبێتەوە".
ئهوهش هاتوه، "حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ سەرەڕای گەمارۆکان نەوتەکەی بفرۆشێت، زیاتر لەو داهاتەی لەڕێگهی فرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەکەوێت، پارە خەرجدەکات".
حکومەتی ئێران لەساڵانی ڕابردودا بەمەبەستی هاندانی کۆمپانیاو پاڵاوگە چینییەکان بۆ کڕینی نەوتەکەی، نەوتی خۆی بەداشکانی زیاتر لە 20 دۆلار دەفرۆشێتو گواستنەوەی نەوت بۆ چینیش بەشێوەی نایاساییو لەڕێگهی تۆڕێک لەکەشتییە نەوتهەڵگرەکان، بەچەندینجار گواستنەوەی نەوت لەکەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، تێچویەکی زۆری بۆ ئەو وڵاتە هەیە.
کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکا لەنوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرایکردوە، چین سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، لەکڕینی نەوتی ئێران بەردەوامەو زیاتر لە 90٪ی نەوتی هەناردەکراوی ئێران بەرەو چین دەڕوات.
دۆناڵد ترەمپ لهسهرهتاى دهستبهكاربونهوهى وهك سهرۆك، سیاسەتی زۆرترین فشارى لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دهستپێكردوه، ئەو سیاسەتە کە لەکابینەی یەکەمی ترەمپدا داڕێژراوە، ئامانجی ئەوەیە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفرو سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە وشکبکات.
