سودانی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی لەدژی ئیسرائیل دەکات

عیراق

14/09/2025‌ 419 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئیسلامی کرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل، لەكاتێكدا دە ساڵ پێش ئێستا میسر پێشنیاری دروستكردنی ناتۆی عەرەبی كردبوو.


محەمەد شیاع سودانی له‌لێدوانێكدا بۆ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ڕایگەیاند،" دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ڕوداوێکی شۆککەرو پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و نۆرمەکانی نێودەوڵەتییە".

 جەختیش دەكاتەوە،" دەستدرێژیی ئیسرائیل سەرپێچییە بۆ سەر وڵاتێکی خوشک و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەمو وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ڕێبازی شەڕانگێزی حکومەتی تاوانکاری ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای، "ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی سیاسی، ئەمنی و ئابوری وڵاتانی ئیسلامی کردو ئاماژەی بەوەدا کە،"هیچ شتێک نییە ڕێگری لەوڵاتانی ئیسلامی بکات هاوپەیمانییەک لەشێوەی هێزێکی هاوبەشی بەرگریی ئەمنی پێکبهێنن".

جەختیشی لەوەکردەوە کە "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چەندین هۆكاریان هەیە کە دەتوانرێت هاوپه‌یمانییه‌ك پێكبهێنرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژی ئیسرائیل، چونكه‌ ده‌ستدرێژیه‌كه‌ لە قەتەر ناوەستێت، حکومەتی ئیسرائیل هەموو شتێکی بەکەم سەیر کردوەو ئەوەی زیاتر لەدو ساڵە لە غەززە ڕودەدات کوشتنی سیستماتیکە".