شارپرێس:
یەکەم ئاماژەی فەرمی جێبەجێکردنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەرکەوت، لەکاتێکدا هیچ لێدوانێک لەلایەن لایەنی ئەمریکاوە سەبارەت بەم بابەتە نەبووە.
بتسلئیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکردووە سەبارەت بە پلانی "دابەشکردنی زەوییەکانی کەرتی غەززە" کە تایبەت بە خانووبەرە ناوی بردووە.
سەبارەت بەم بابەتە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە نەبووە.
لێدوانەکانی سمۆتریچ لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی خانووبەرە لە تەلئەبیب هات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆن، لێدوانەکەی سمۆتریچ لە بەرامبەر پاشخانی ئەو دیدگایە دێت کە لەناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا هەیه بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کە بە وەبەرهێنان لەبواری خانووبەرە وەسف دەکرێت.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست پلانێکی ئاشکرا کردووە لەناو ئیدارەی ترەمپدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، ئەم پلانە کەرتی غەززە دەخاتە ژێر "ڕێنمایی ئەمریکی" بۆ ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵ، لە هەمان کاتدا دەیگۆڕێت بۆ هاوینەهەواری گەشتیاری و ناوەندێک بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
ئ.ه
