سودانی و ئەحمەد شەرع كۆدەبنەوە...ڕێكەوتنێك واژۆ دەكرێت

عیراق

15/09/2025‌ 700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ئاشكرایكرد، ڕێککەوتنی بەرایی نێوان عێراق و سوریا بۆ کاراکردنەوەی دەروازەی سنوری ئەلوەلید بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات واژۆ دەكرێت، دوای ئەوەی بڕیارە سودانی و ئەحمەد شەرع كۆببنەوە.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد،" کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا بۆ گفتوگۆیە لەسەر هەماهەنگی ئاسایش و ئابوری لەنێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی ئاسایی کردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەروازەی وەلیدو پاراستنی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات".

هەروەها ئاشكرایكرد، دوای کۆبونەوەی نێوانیان، رێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕادەگەیەندرێت.

ئاژانسەكە دەشڵێت،" بابەتێکی دیکەش، دەستپێکردنی هەنگاوی کردەییە بۆ بەگەڕخستنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاسی سوریاو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەو بۆریەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیەی کە بۆ ئاژانسە عێراقییەكە قسەی کردوە، سوریا پێشتر داوای کردبوو عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بکات لەڕێگەی کاراکردنەوەی دەروازە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاسانکاری تێپەڕاندنی بارهەڵگرەکان و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، "دەسەڵاتدارانی بەرپرسی ئاسایش لەدەروازەی سنوری ئەلوەلید دەستیان کردوە بەلابردنی پاشماوەی نزیکبونەوەی دەروازە سنورییەکان کە مەودای 100 مەتر یان زیاترە، بۆ ئەوەی وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی داهاتووی ئەو دەروازە نۆژەن بکەنەوە".