شارپرێس:
لیژنەی باڵای سوەیدا هاتەدەنگ و دەڵێت،" بەهەموو شێوەیەك نەخشەڕێگای سوریاو ئەمریكا ڕەتدەكەینەوە".
لیژنەی باڵای یاسایی سوەیدا سەر بەحیکمەت هیجری، ڕێبەری ڕوحی دروزەکانی سوریا دەڵێت،" نەخشەڕێگاکەی دوێنێی سوریا، ئەمریکا و ئوردن لەبارەی پارێزگاکەیان ڕەتدەکەنەوەو ئەوان داوای خۆسەری تەواوەتی یان جیابونەوە لەسوریا دەکەن".
لیژنەی باڵای یاسایی سوەیدا لەڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە،" چارەسەری پرسەکانی سوەیدا بەدادپەروەریی نێودەوڵەتی دەبێت نەک یاسا ناوخۆییەکانی سوریا، چونکە دیمەشق لەم بابەتەدا بێلایەن نییە، بەڵکو تۆمەتبارە بەکوشتن و پێشێلکارییەکان بەرامبەریان، بۆیەش ئەوان باوەڕیان بەدادگاکانی وڵاتەکەیان نەماوەو چارەسەرەکانیشی وەک هەوڵێک بۆ دابەشکاری زیاتر لەسوەیدا دەبینن".
ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەوەی بەرامبەر سوەیدا کرا لەبێبەشکردن و دورخستنەوەی لەهەموو پرسەکان، هۆکارێکە بۆ داواکردنی مافی چارەنوس بەشێوەی ئازادو سەربەخۆیانە، جا بەخۆبەڕێوەبەری بێت یان سەربەخۆیی، چونکە تەنیا ئەم ڕێگایە هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و شکۆ و بوونیان، بۆیەش داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە هیچ شتێکدا نەنێت کە بەسەر خەڵکی سوەیدا دەسەپێنرێت و پێویست دەکات پشتیوانی مافی چارەنوس بۆ خەڵکی پارێزگاکە بکەن".
لەكاتێكدا، ڕۆژی سێشەممە، دیمەشق ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ ئوردن و ئەمریکا لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوەیدا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی نەخشەڕێگاکەش دۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاریی بۆ پارێزگای سوەیدای باشوری سوریا دەگەڕێنرێتەوەو ئاشتەوایی ناوخۆیی بەبەشداری هەموو پێکهاتەکانی سوەیدا دەکرێت.