گۆڕینى لەناکاوى دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمریکا لە سوریا، هۆکار و لێکەوتەکانى

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

 
پوختە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمریکا گۆڕدران کە لە پلاتفۆرمی هەرێمی سوریا لە ئەستەنبوڵ کاردەکەن و لە کۆتایی ئەرکەکانیان ئاگادارکرانەوە، لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی ئەو تیمەى کە لەلایەن تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم هەنگاوە ئامانجییەتی هێزەکانی سوریاى دیموکرات/ هەسەدە تێکەڵ بەهێزەکانی حکومەتى سوریا بکاتەوە بە ئامانجی بەهێزکردنى دەوڵەتى ناوەندى بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع. ئەم نوسینە هۆکار و پاڵنەرەکانی داڕشتنەوەی دووبارە و ڕۆڵی لایەنە جیاوازەکان و کاریگەرییە ئەگەرییەکان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا و ناوچەکە شیدەکاتەوە.
پێشەکی
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و دەسەڵات گرتنەدەستى ئەحمەد شەرع، سووریا بە دۆخێکی هەستیاردا گوزەر دەکات. هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە کاتی شەڕدا بەردەوام بووە لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی بە نیمچە ئۆتۆنۆمی، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی تێکەڵکردنی هێزەکانى دەدات لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا. لەم سەروبەندەدا گۆڕینى دیپلۆماتکارە باڵاکان پرسیار لەبارەی سیاسەت و ئامانجەکانی ئەمریکا لە سوریا و ئاستەنگە ئەگەرییەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دروست دەکات لەگەڵ هێزەکانى حکومەتە ڕاگوزەرەکانى شەرع.
پاشخانی پلاتفۆرمی هەرێمی سوریا
‌أ.دامەزراندن: دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە ساڵی ٢٠١٢، پلاتفۆرمی ناوچەیی سوریا بوو بە نوێنەرایەتی دیفاکتۆی ئەمریکا لە سوریا.
‌ب.شوێن: بارەگا سەرەکییەکەی لە کونسوڵخانەی ئەمریکایە لە ئەستەنبوڵ، نووسینگەی لقەکانی لە وڵاتانی دراوسێ بوونى هەیە بۆ ئاسانکاری پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان.
‌ج.ئەرکە سەرەتاییەکان:
یەکەم. پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ورد لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی سوریا.
دووەم. هەماهەنگی لەگەڵ هەسەدە و حکومەتی سوریا سەبارەت بە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
سێیەم. چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دوولایەنە و ناوچەییەکان، وەک ڕێککەوتنی مانگی ئازار.
چوارەم. پێشکەشکردنی ڕێنوێنى بۆ واشنتۆن سەبارەت بە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە سوریا.
گۆڕینى دیپلۆماتکارە باڵاکان: هۆکار و شیکارکردنی
‌أ.داڕشتنەوەی کارگێڕی: ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی تیمەکە بە سەرپەرشتی تۆماس باراک هات و پەیوەندی بە ناکۆکی سیاسی لەگەڵ کۆشکی سپیدا نەبوو.
‌ب.ئامانجی داڕشتنەوەی نوێ: باشترکردنی هەماهەنگی و خێراکردنی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا و دڵنیابوون لەوەی پەیامە دیپلۆماسییەکان بە خێرایی و کاریگەرتر دەگەیەنرێن.
‌ج.هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە لەناکاو بووە، ئەمەش پرسیاری لەسەر پرۆسەی بڕیاردانی تیمەکە دروستکردووە.
‌د.تێڕوانینە جیاوازەکان لەسەر هەسەدە
یەکەم. هەندێک لە دیپلۆماتکارانی تێبینییان هەبوو سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریاى دیموکرات لەگەڵ هێزەکانى حکومەتى ئەحمەد شەرع، بەتایبەتی سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی مانگی ئازار.
دووەم. باراک پشتیوانی لە حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و یەکگرتوو دەکات و پێی وایە تێکەڵکردنى هەسەدە هەنگاوێکی جەوهەرییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری دەوڵەت و سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی.
سێیەم. ڕەنگە ئەم جیاوازیانە هۆکار بووبێت لە خێراکردنی بڕیاری گۆڕینەکە بەو پێیەى هەندێک بەرپرس کە ڕێگرییان لە جێبەجێکردنی سیاسەتە نوێیەکان دەکرد.
‌ه.گۆڕینی ئەولەویەتە سیاسییەکان
یەکەم. دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەمەریکا هەوڵیداوە دابەشبوونەکان لەناو سوریا کەمبکاتەوە بە پاڵپشتیکردنی حکومەتێکىی ناوەندی بەهێز.
دووەم. تەرکیزکردن لەسەر یەکخستنی هەسەدە ئەگەری ململانێ ناوخۆییەکان کەمدەکاتەوە و دەرفەتەکانی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنتۆن باشتر دەکات.
ڕۆڵی تۆماس باراک و سیاسەتی ئەمریکا
أ‌.دەستبەکاربوون: ئایاری 2025، باراک وەک نێردەی تایبەت بۆ سوریا و ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بوو.
ب‌.ئامانجە سەرەکییەکانی:
یەکەم. یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریادا.
دووەم. بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی لە سەردەمی ئەحمەد شەرعدا.
سێیەم. بەدواداچوونکردن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئازار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری دەرەکی و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوخۆیی.
چوارەم. چالاکیی مەیدانی: سەردانی دیمەشق بۆ سەرپەرشتیکردنی واژۆکردنی پلانێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمینەی دروز لە باشوور.
لێکەوتەکانى گۆڕینی دیپلۆماتکارەکان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا
‌أ.کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتی: بەپێی سەرچاوەکان، ڕۆیشتنی ئەو دیپلۆماتکارانە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتى بنچینەیی ئەمریکا لە سووریا دروست ناکات. ئێستا بە خێرایی گرنگی بە جێبەجێکردنی سیاسەتە ناوەندییەکان دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە کارگێڕییەکان.
‌ب.کاردانەوە ئەگەرییەکان: بەرگرى کردنى هەسەدە لە هەندێک ناوچەدا، بە تایبەت لەو ناوچانەی دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆیان هەیە.
‌ج.ئەگەری ناڕەزایەتیی زلهێزەکانی ناوچەکە، لەوانەش تورکیا، بەهۆی نیگەرانییەکانیان لە بەهێزبوونی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەتی ناوەندیدا.
‌د.ئەگەر هەیە ئەم گۆڕانکاریانە ببنە هۆی دروستکردنى گرژیی کاتی لەگەڵ هەندێک لە هاوبەشە ناوخۆییەکان.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەسەدە و حکومەتی ناوەندی
‌أ.بەرگرى ناوخۆیی: هەسەدە خوازیاری حکومەتێکی کەمتر ناوەندییە بۆ پاراستنی ئەو حوکمڕانییە ناوخۆییەی کە لە کاتی شەڕدا بەدەستی هێناوە.
‌ب.ململانێی بەردەوام: شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سوریا و هێزەکانى سەر بە تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
‌ج.سەرلەنوێ هاوسەنگکردنەوە: یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی حکومەتدا پێویستی بە پاشەکشێ لە هەندێک خواستی سیاسی و ئەمنی لە هەردوولا هەیە.
سیناریۆکانی داهاتوو
‌أ.یەکخستنی سەرکەوتوو:
یەکەم. بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی.
دووەم. کەمکردنەوەی نفوزی دەرەکی بەتایبەتی تورکیا.
سێیەم. کەمکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان و سەقامگیرکردنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات.
‌ب.بەرگری هەسەدە:
یەکەم. بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی.
دووەم. ئەگەری دووبارە ئاڵۆزبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکان.
‌ج.دەستێوەردانەکانی ناوچەیی:
یەکەم. ئەگەر هەیە تورکیا و ئێران ڕێگری لە جێبەجێکردنی یەکگرتنی تەواوەتەى بکەن.
دووەم. دەستێوەردانەکان کاریگەرییان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە ناو سوریادا هەیە.
شیکاری ستراتیژی
‌أ.هەنگاوی گۆڕینی دیپلۆماتکارە باڵاکان ئاماژەیە بۆ خواستی واشنتۆن بۆ چڕکردنەوەی کاریگەری لە دەستی تیمێکی یەکگرتوودا کە هاوتەریبن لەگەڵ ئامانجەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا.
‌ب.بەڕێوەبردنی قەیران لەگەڵ هەسەدە پێویستی بە هاوسەنگی هەیە لە نێوان سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی و دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانی ململانێی نوێ.
‌ج.سەرکەوتنی باراک لە یەکخستنی هەسەدە دەبێتە پێوەرێک بۆ پێوانەکردنی کاریگەریی سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی دوای ئەسەد.
ئەنجام
گۆڕینی دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی ڕێکخستنەوەی ئەولەویەتەکانی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە سوریا، بە گرنگیدان بە تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع. هەرچەندە ئەم هەنگاوە جێگەی سەرسوڕمان بوو، بەڵام هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی دووبەرەکی و گەیشتن بە سەقامگیری درێژخایەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاست دەکاتەوە، سەربارى ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەیی و ناوخۆییەکان.