شارپرێس:
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەی کۆتایی دەنگدەرانی شیاوی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئاشکرا کرد، لە کاتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی گشتیی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەترییان بۆ دەرکراوە، لە 21 ملیۆن دەنگدەر تێپەڕیوە.
نەبراس ئەبوسوودە، جێگری وتەبێژی کۆمسیۆنەکە، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "کۆی ژمارەی دەنگدەرانی شایستە بۆ دەنگدان کە کارتی بایۆمەترییان بۆ دەرچووە، چ وەرگیراو بن یان وەرنەگیراو، گەیشتۆتە 21,404,291 دەنگدەر".
هەروەک وتی: "ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی گەیشتووەتە 20,063,773 دەنگدەر، لە کاتێکدا ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان و زیندانیان و ئەوانی دیکە دەگرێتەوە، گەیشتووەتە 1,313,980 دەنگدەر، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەکان گەیشتووەتە 26,538 دەنگدەر".
ئەبوسوودە ئاماژەی بەوەشدا، سەبارەت بە گروپەکانی تەمەنی نوێ کە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن، "لەدایکبووانی ساڵی 2006 لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 بەشدارییان نەکردووە، بەڵام لەگەڵ لەدایکبووانی ساڵی 2007 بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکەن".
ڕونیشی کردەوە: "ژمارەی دەنگدەرانی لەدایکبووانی ساڵی 2006، بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی، گەیشتووەتە 837,903 دەنگدەر، کە 448,532یان زانیارییەکانیان نوێ کراوەتەوە، سەبارەت بە لەدایکبووانی ساڵی 2007 ژمارەیان گەیشتووەتە 1,058,116 دەنگدەر، و 837,866یان زانیارییەکانیان نوێ کراوەتەوە".
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی (11ی تشرینی دووەمی 2025)ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاری کردووە، ئەمەش دوای نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، کە نزیکەی 30 ملیۆن عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردووە، و دەرکەوتووە کە نزیکەی 30 ملیۆن عێراقی لە کۆی 46 ملیۆن عێراقی مافی دەنگدان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی یاسادانانی داهاتوودا هەیە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
