چۆن تورکیا بوە پەناگەیەکى ئاسایش بۆ ساختەکارە نێودەوڵەتیەکان؟

ڕاپۆرت

30/09/2025‌ 1667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئامادەکردنى شارپرێس:

تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە ناوەندێک بۆ ساختەکارە نێودەوڵەتی و تۆڕەکانی سپیکردنەوەی پارە. پلانی گەورەی کۆمپانیاى ئۆمیگاپرۆ پۆنزی کە زیانەکانى گەیشتە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، نموونەیەکی ڕوونی ئەم حاڵەتەیە.

ئۆمیگاپڕۆ کە خۆی وەک کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان و پلاتفۆرمی بازرگانی فۆڕێکس پێشکەش کرد، هەزاران قوربانی لە سەرانسەری جیهاندا فریودا، لەنێویاندا لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا. کۆمپانیاکە بە بەڵێنی قازانجی ناڕاستەقینە و پلانی وەبەرهێنانی ئاڵۆزەوە پارەیەکی زۆری بەلاى خۆیدا ڕاکێشا، بەڵام لە کۆتاییدا وەک پلانێکی ساختە کارى ئاشکرا بوو کە لەسەر بنەماى (هەرەمى پۆنزی) ناسراوە.

هەرەمى پۆنزی چییە؟
لە هەرەمی پۆنزیدا کە تا ئەم دواییانەش لە پارێزگاى سلێمانى لە ژێر ناویتردا کەسانێک لەو بوارەدا کاریان دەکرد، کەسەکە دەبێت وەبەرهێنان بکات یان شتێک بکڕێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو سیستمەکەوە. قازانجی کەسەکان لە چالاکییە ئابوورییە ڕاستەقینەکانەوە وەرناگیرێت، بەڵکو لە ڕاکێشانی ئەندامی نوێوە دابیندەکرێت. پێکهاتەکە لە شێوەی هەرەمدایە: ئەوانەی لە لوتکەدان قازانج لە پارەی ئەندامانی نوێ دەکەن. بەو پێیەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەچنە ناو سیستمەکەوە سنووردارە و تا سەر نییە، درەنگ یان زوو ئەو هەرەمە و دواجار سیستمەکە هەرەس دەهێنێت و زۆربەی ئەندامانی بنی هەرەمەکە سامانەکەیان لەدەست دەدەن، لێنانى ناوى (پۆنزی)ش لە ناوى چارڵز پۆنزی (فێڵبازێکی ئیتاڵی سەرەتای سەدەی بیستەم)ە وەرگیراوە.

لەم شێوازەدا ڕێکخەرى سیستمەکە بەڵێنی قازانجی گەورە و بەردەوام دەدات (بۆ نموونە ٢٠٪ لە مانگێکدا). قازانجی وەبەرهێنەرە کۆنەکان لەو پارەیە دەدرێت کە وەبەرهێنەرانی نوێ دەیھێننە نوا سیستمەکە.هیچ چالاکیەکی ئابووری ڕاستەقینە لە پشت ئەو پلانەوە نییە؛ تەنها سووڕانەوەی پارەی نوێ و تازە داخڵ بووە کە بۆ ماوەیەکی کاتی جوڵە دەخاتە ناو سیستمەکەوە، کاتێکیش سوڕى هاتنى پارە خاو دەبێتەوە یان دەوەستێت، تەواوی سیستەمەکە هەرەس دەهێنێت.

پێدانى هۆشداريى بەتورکیا
سەرەڕای هۆشداریی دووبارەی ڕێکخەرانی وڵاتانی جیاواز – لەوانەش فەرەنسا، ئیسپانیا و پەنەما – زۆرێک لە ئەنجامدەرانی سەرەکی فێڵەکە توانیان لە تورکیا کاربکەن. کەلێنەکانی یاسایی و لاوازی سیستەمی دادوەری و یاسای هاووڵاتیبوونیان لە بەرامبەر وەبەرهێنان لە تورکیا قۆستەوە و پەناگەیەکی ئارامیان بۆ خۆیان لەو وڵاتەدا دروستکرد. تورکیا نەوەک هەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەدا دواکەوت، بەڵکو ژینگەیەکیشی بۆ ساختەچییە نێودەوڵەتییەکان فەراهەمکرد کە پارەی دزراو بۆ کڕینی موڵک و کۆمپانیا و تەنانەت ڕەگەزنامەی تورکیا بەکاربهێنن. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تورکیا لە ڕاپۆرتە دارایی و ئەمنییەکانی نێودەوڵەتیدا وەک یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابوورییە ڕێکخراوەکاندا دەستنیشان بکرێت.

ئۆمیگاپرۆ لە ساڵی ٢٠١٨ وەک پلاتفۆرمی بازرگانی فۆڕێکس و دراوی کریپتۆ دەست بەکاربوو. بەڕێوەبەرەکانی بە ڕیکلامی بەرفراوان و بەڵێنی قازانجی گەرەنتی تا 45% لە مانگێکدا هەزاران وەبەرهێنەریان بۆ خۆیان ڕاکێشا. کۆمپانیاکە بە بەکارهێنانی پلانێکی پۆنزی کاریدەکرد: قازانجی وەبەرهێنەرە کۆنەکانی دەدا بە وەبەرهێنەرانی نوێ، نەک لە قازانجی ڕاستەقینەی مامەڵەکان. بەڕێوەبەرانی ئۆمیگاپرۆ گەشتیان بۆ وڵاتانی جیاواز دەکرد، بەتایبەتی بۆ ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، کۆنفرانسی بریقەداریان ئەنجامدا و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی بوارى وەرزش و بازرگانییان بەکارهێنا بۆ کۆکردنەوەی پارە. هاوکات تۆڕێک لە هەژماری بانکی و کۆمپانیای ساختە بۆ گواستنەوەی پارە دروستکرا و هەر زوو تورکیا بوو بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم تۆڕە.

هۆکارەکان
 چەندین هۆکاری سەرەکی ڕۆڵیان هەبووە لەم کارەدا:
1.    وەرگرتنى ڕەگەزنامە بە یاسای وەبەرهێنان: بە کڕینی موڵک یان دانانی پارەی بانکی، ساختەکاران توانیان پاسپۆرتی تورکی بەدەست بهێنن و ئازادی زیاتری کارکردن بەدەست بهێنن.
2.    چاودێری دارایی لاواز: سیستەمی بانکی تورکیا توانای سنوورداری هەبوو بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی دارایی گوماناوی بەهۆی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان.
3.    ژینگەی سیاسی و دادوەری ناڕوون: زۆرجار دۆسیە داراییە گەورەکان لە تورکیا بەهۆی کاریگەریی سیاسی یان پەیوەندییە نافەرمیەکانەوە تێکدەچن.
لە ئەنجامدا تورکیا بوو بە پەناگەیەکی ئاسایش بۆ کارگێڕانی ئۆمیگاپرۆ و تۆڕەکانی هاوکارەکانیان. زۆرێک لە کۆبوونەوە گرنگەکانی تۆڕەکە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو و بڕە پارەیەکی زۆریش لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان گواسترایەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ڕێکخەرانی دارایی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی بەتایبەت فەرەنسا و ئیسپانیا هۆشدارییان داوە لە چالاکییە گوماناوییەکانی کۆمپانیای ئۆمیگاپرۆ. ڕاپۆرتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆمپانیاکە پلانێکی پۆنزییە و وەبەرهێنەران مەترسی لەدەستدانی سەروەت و سامانەکانیان لەسەرە. 

هەروەها پەنەما لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە فەرمی ئۆمیگاپرۆی یاساغ کرد و ڕێوشوێنی یاسایی دژی بەڕێوەبەرەکانی گرتە بەر. لەهەمان کاتدا ڕێکخراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش گروپی تایبەتى ڕێکارى دارایی (FATF) هۆشدارییان دا لەوەی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەڕووی سپیکردنەوەی پارەوە زۆر لاوازە و پێویستە ڕێوشوێنی توندتر بگرێتەبەر. بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا وەڵامی کاریگەریان نەدایەوە، چەند هۆکارێک لە پشت ئەم دواکەوتنەوەیە بوو لەوانە:
1.    هەژمونى هەندێک کەسی کاریگەر کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرانی ئۆمیگاپرۆوە هەبووە.
2.    لاوازی ئیرادەی سیاسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆڕە داراییە بەهێزەکان.
3.    ئەولەویەتدان بە هاتنی سەرمایەی بیانی لە کاتی قەیرانی ئابووریدا، تەنانەت ئەگەر سەرچاوەکەشی جێی پرسیار بێت.
ئەم دواکەوتنە بە شێوەیەکی کاریگەر تورکیای کردە پەناگەیەکی ئاسایش بۆ بەڕێوەبەرانی ئۆمیگاپرۆ، لەوێ دەیانتوانی بڕێکی زۆر پارە بگوازنەوە و خانووبەرە بکڕن و تەنانەت پشتگیری سیاسی ناڕاستەوخۆ بەدەستبهێنن.

دواجار دوای گوشارێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و میدیایی لە ساڵی ٢٠٢٤، دەسەڵاتدارانی تورکیا ناچاربوون هەندێک ئەکاونت و سەروەت و سامانی پەیوەست بە ئۆمیگاپرۆوە دابخەن. بەڵام ئەمە دوای ئەوە بوو کە زۆربەی پارەکان وڵاتیان بەجێهێشتبوو. داڕمانی کۆمپانیای ئۆمیگاپرۆ و ئاشکرابوونی ڕۆڵی تورکیا وەک پەناگەیەک بۆ ساختەکارانی جیهانی، لێکەوتەی دوور مەودای لەسەر ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەنقەرە هەبوو. 

کەیسەکە چی ئاشکراکرد؟
1.    سیستەمی دادوەری و دامەزراوە ڕێکخراوەییەکانی تورکیا بەهۆی فشاری سیاسی و لاوازییە پێکهاتەییەکانەوە نەیانتوانى بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری تاوانە ئابوورییە ڕێکخراوەکان ببنەوە و تورکیا بووە پەناگەیەکی سپیکردنەوەی پارە بۆ تۆڕە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان.
2.    یاساکانی ڕەگەزنامە بە وەبەرهێنان کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕاکێشانی سەرچاوە داراییە دەرەکییەکان داڕێژراون، بوون بەئامرازێک بۆ تاوانبارانی ئابووری بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی تورکی و بەمەش پارێزبەندى سیاسی و یاساییان بەدەستهێنا لەڕێگەى کڕینی موڵکەوە.

ئەنجام
ئەو وانەیەی کە دەبێت لە داڕمانی ئۆمیگاپرۆ وەریبگرین ئەوەیە کە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە تەنیا کێشەی ئابووری نین، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر متمانەی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی.