وەرگێڕانی لە فارسییەوە/ حەمەدەمین سلێمان
نوسینی/ یۆرۆنیوز فارسی
سەرچاوە/ سایتی یۆرۆ نیوز
ڕۆژنامەی ئەلپایسی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی شیکاریی لەسەر ئەو پلانەی لە لایەن سەرۆکی کۆماری ولایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی خوێناوی دوو ساڵەی غەززە پێشکەش کراوە بڵاوکردەوەتەوە و لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە لێیکۆڵیوەتەوە .
نوسەرلەسەرەتای ئەم ڕاپۆرتە شیکارییەدا کە شرۆڤەی تەواوی لە خوارەوە هاتووە ئەو پلانە وەک "دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی" باس دەکات کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای بۆردومانی ئێران و سەپاندنی خواستە سەربازی و بازرگانیەکان بەسەر ئەوروپادا سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەست هێنا .
پلانی ترەمپ بۆ غەززە سەرەڕای نادیاری داهاتووی غەززە، لەڕووی سیاسی و مرۆیی ڕوداوێکی گرنگە. گرنگی ئەو پلانە لە سەرووی هەموو شتێکەوە لەو هیوا شاراوەدایە کە دەتوانێت بۆ خەڵکی مەدەنی غەززە بە دیاری بهێنێت، خەڵکێک کە لە ژێر گەمارۆی سەدەکانی ناوەڕاستدایە و بە گوتەی شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بونەتە قوربانی "جینۆسایدی ئیسرائیل" .
بەڵام ئەو پلانە فراوانتر لە لایەنی مرۆیی، لێکەوتەی جیۆپۆلەتیکی بەرچاوی هەیە . هەرچەند ئەنجامی پلانی ئاشتی ئێستا دیار نیە، بەڵام پێدەچێت هەندێک لەو بیرۆکە و پڕۆسانەی کە لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەدا شکڵیان گرتووە کاریگەری درێژخایەنیان هەبێت .
ئەلپایس لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا، ئەو هۆکارانەی لە کاتی هەڵسەنگاندنی ئەو ڕووداوەدا دەبێت لەبەرچاو بگیرێت یەک بە یەک هەڵسەنگاندنی بۆ کردووە :
دۆناڵد تڕامپ
ئەو پلانەکۆمەڵێک دەستکەوتی ئەرێنی بۆ سەرۆکی ئەمریکا لەخۆدەگرێت .
سەرەڕای ناڕوونیێکی قووڵ دەربارەی دەقی ئەو دەستپێشخەرییە، پلانی ناوبراو پشتیوانیێکی فراوانی نێودەوڵەتیی نەک تەنیا لە ناوچەکە بەڵکو لە لە ئەوروپاوە تا ڕووسیا و هیندستان بەدەستهێناوە و لە ئەنجامدا وەک سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بەرەوپێشەوە چووە .
بەڕێز ترامپ بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە توانی ئەو فشارە بەربڵاوەی کەوتبووە سەر ئەمریکا کەم بکاتەوە کە بەهۆی پشتیوانی لە کردەوەکانی ئیسرائیل کەوتبووە سەر واشنتۆن و توڕەیییەکی توندی لە بیروڕای گشتی جیهانیدا وروژاند بوو .
سەرباری ئەوەش، پلانی ناوبراو پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ حکومەتە دەستەڵاتخوازەکانی سوننە لە ناوچەکەدا مسۆگەر دەکات، ئەو وڵاتانەی کە لەهەنگاوەکانی ئیسرائیل، بەتایبەتی بۆردومانکردنی قەتەر زۆر توڕە بون . ئەم وڵاتانە لە زۆر ڕووەوە هاوپەیمانی سەرنجڕاکێشن بۆ ئەمریکا، چونکە توانای دارایی بەرفراوانیان هەیە و لە حاڵەتێکدا هەست بە هەوڵی واشنتۆن بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیسڕائیل، ئامادەی کڕینی چەکی زۆر دەبن .
هەروەها ئەو دەستپێشخەرییە دەبێت لە ئاستی فراوانتر و لە چوارچێوەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لێکبدرێتەوە، هێرشێک هەرچەند دەستکەوتە ماددیەکانی نادیارە، بەڵام لە ئاستێکی جیۆپۆلەتیکیدا، بە سەرنجدان لە کەمترین وەڵامی ئێران و خێرایی کردەوەی واشنتۆن، وەک سەرکەوتنێک تەماشا کرا .
ئەگەرچی نەیارانی پشتیوانیی واشنتۆن لە ئیسرائیل توڕەیی خۆیان لەبیر ناکەن، بەڵام لەسەر ئەندازەی جیۆپۆلەتیکی و هاوکێشەکانی دەسەڵات، ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە پێگەی ناوەندی ولایەتە یەکگرتووەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا جێگیر کردووە .
ئەگەر ئەم دەستکەوتانە بۆ ڕێککەوتنی ئەندامانی ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان بۆ 5%ی بەرهەمی ناپوختی ناوخۆیی و ڕێککەوتنی بازرگانی سەپێنراو بەسەر ئەوروپادا زیادبکەین، دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ترەمپ لە نۆ مانگی سەرتای سەرۆکایەتییەکەیدا سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە .
بنیامین ناتانیاهۆ
بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو پلانە وەک قاپێکی ژەهر بووە.
داوای لێبوردنێکی زەلیلانەی کۆشکی سپی لە قەتەر بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی حەماس لەسەر خاکی ئەو وڵاتەدا، کە بە ڤیدیۆ ئەو دەربڕینە پەشیمانی زۆرەملێیە ئەنجامدرا، نیشانەی ئەو تاڵییە. جگە لەوەش، ئاماژەی پلانەکە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی و دژایەتیی نا ڕاستەوخۆ بۆ لکاندن، بنیاتنانی کۆمەڵگای نیشتەجێبوون، یان پاکتاوی نەتەوەیی، بە توخمگەلێکی ناخۆش بۆ نەتانیاهۆ لەقەڵەم دەدرێن .
بەڵام ئەو بابەتە بە ئازارانە، بێ بایەخن، یان لە پەراوێزدان.
جەوهەری بابەتەکە پلانێکە کە زۆر لەداواکارییەکانی نەتانیاهۆ دەچێت؛ مەسەلەی وەک گەڕانەوەی بارمتەکان، تەسلیمبوونی تەواوەتی حەماس، نەبوونی بەڵێنێکی ڕاستەقینە بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکان لە غەززە و بێبایەخکردنی مافە سیاسییەکانی فەلەستینییەکان، کە هەمیشە جێی سەرنج و جەختی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە .
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی خولی یاسادانانی ئیسرائیل (١٢ مانگی ماوە)، شتێکی مەنتیقیە کە ناتانیاهۆ بیەوێت پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بابەتی بارمتەکان و فشاری دەروونی سەرچاوەگرتوو لە شەڕەکە چارەسەر بکات .
ئەو دەزانێت کە تاکە پاڵپشتی ئیسرائیل لە بەرانبەر گۆشەگیری نێودەوڵەتی، پشتگیریی ئەمریکایە. لەبەرانبەر ئەوەدا نەیتوانی بە توڕەکردنی ترەمپ مەترسیێکی تازە بخوڵقێنێت. ئەم پلانە دەرفەتێکی بۆ دەڕەخسێنێت تا بە کەمترین بەڵێن زۆرترین دەسکەوت بەدەست بهێنێت، ڕوانگەیێکە کە لەگەڵ ڕابردووی پەیمانشکێنییە بەردەوامەکانی ئەودا گونجاوە، لەنێویاندا بەتایبەت کشانەوە لە لوبنان .
حەماس
ئەو پلانە لە بنەڕەتدا بڕیاری تەسلیمبوونە؛ داوا لە حەماس دەکرێت بارمتەکان کە تاکە کارتی براوەی ئەوانە ئازاد بکات، چەکەکانی خۆی ڕادەست بکات، دەستبەرداری ئیدارەی سیاسی غەززە بێت و جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی قبوڵ بکات و چاودێری دەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی غەززە قبوڵ بکات؛ چاودێرییەک کە بۆنی کۆلۆنیالیزمی لێدێت؛ لە بەرامبەردا لەو پلانەدا تەنها بەڵێنی وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیلیان پێدەدرێت .
حەماس لەو شەڕەدا زیانی قوڕسی بەرکەوتووە. خەسارەی مرۆیی بێئەندازە فراوان بووە و ئێستا میحوەری بەناو "بەرگری" داڕماوە. پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتە سوننەکان و ئیسرائیل هەرچەندە وەستاوە، بەڵام لەبار نەچووە. سەرکردایەتی حەماس پەرتەوازە و لاواز بووە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر دەردەکەوێت .
ئەم پلانە لە پشتڕاستکردنەوەی لاوازیی ڕەهای حەماس زیاتر شتێکی تر نییە؛ هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە کە تووڕەیی کەڵەکەبوو لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل ڕۆژێک هەناسەیەکی نوێ بەبەر بەرخۆداندا بکاتەوە، بەڵام لە کورت ماوەدا، وەک نەتانیاهۆ، حەماسیش لە ئاشتەواییە نەخوازراوەکانەوە دوور دەکەوێتەوە .
دەستەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین
دەستەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە توندی کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەو پلانە کە زیانی بۆی هەیە چونکە بە ڕاشکاوی لە ناوەندی حوکمڕانی ئینتقالی غەززە دوورخراوەتەوە.
هەروەها ئەو ڕێککەوتنە هیچ ئاماژەیەکی ڕوونی بە گەرەنتیەکان نیە سەبارەت بە کەناری ڕۆژئاوا .
لە ڕوانگەیەکی گشتیترەوە، ئەم پلانە بە بەراورد بە ڕابردوو هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بۆ فەلەستینییەکان، نەک تەنها لەبەر ئەو چەسپاندنی ئاگربەست، بەڵکو لەبەر ئەوەی پرۆسەی ئاشکرای پاکتاوی نەژادی لە پلانی پێشووی ترەمپدا بۆ " ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ڕادەگرێت .
عەرەبە سونەکان
بۆ حکومەتە سوننەکانی ناوچەکە ئەم پلانە سوودی خۆی هەیە و پاڵپشتییەکانیشیان لەسەر ئەم بنەمایەیە: سەرەتا کۆتایی بە کۆمەڵکوژییەک دەهێنێت کە ئەوانی خستۆتە دۆخێکی زۆر ناخۆش لەلای هاوڵاتیانی خۆیان؛ شتێکی تر ئەوەیە کە بۆ ئەوان فشارەکانی ترەمپ بۆ سەر نەتانیاهۆ دوای هێرشەکەی سەر قەتەر نیشانەیەکی نوێیە لە پابەندبوونی واشنتۆن بە یەکێتییەکانی ناوچەیی .
هەروەها سەقامگیری ناوچەکە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەسەنی پلانەکانی گۆڕانکاریی ئابووری کە هەموو کارەکتەرەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی سعودیە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی خۆیان لە بەرامبەر ئەگەری دابەزینی داهاتی نەوتدا پشتیان پێبەستووە .
هەرچەندە ڕۆڵی ئەم وڵاتانە لە قەیرانی ئەم دواییەدا لاوازیی و سنوورداربوونەکانیان ئاشکرا کردووە، بەڵام ئەم پلانە ئاسۆیەکی نوێیان بۆ دەکاتەوە کە لە قۆناغی قەیرانی دوو ساڵی ڕابردوودا ئومێدبەخشترە .
میحوەری بەرگری
ئەم پلانە زەلیلکردن و گورزێکی دیکەی قورسە لە میحوەری بەرگری، لە دوای شکستە سەربازییەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە کە حەماسی گۆشەگیر کردووە، لەگەڵ دەستەبەرنەکردنی مافەکانی فەلەستینییەکان و یەکخستنی وڵاتانی سوننی و ئەوروپی دەوروبەری، بە کارەساتێکی ڕاستەقینە بۆ بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەو میحوەرەی کە باسمان کرد ئەژمار دەکرێت .
ئەوروپا
بۆ یەکێتی ئەوروپا، ئەم پلانە بەڵگەیە لەسەر بێباکی و بێدەنگی تەواو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ لە کاتێکدا بێدەنگی و بێکردەوەیی ئەوروپا، ڕەخنەگەلێک لە پێوەرە دووفاقیە ئەخلاقییەکانی وەدیهێنابوو، ئێستا بەشێک لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ڕەنگە لەو ئارامیە ڕێژەییەی لە کەمبونەوەی توندوتیژییەکان سەرچاوەی گرتووە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ڕای گشتی کەڵک وەربگرن؛ هەرچۆنێک بێت، بە گشتی ئەم قەیرانە قۆناغێکی سەختی لە بێتوانایی و ڕیکۆردی جیۆپۆلەتیکی بۆ ئەوروپا دیاری کردووە .
چین
بۆ پەکینیش ئەم پلانە بە پێشهاتێکی خوازراو نایەتە هەژمار.
ئەو وڵاتە کە(چەند یاری_سفر) لەگەڵ واشنتۆندا ڕوبەڕوو بووە، پێشتر لە تەریکبوونی ئەمریکا بە هۆی پشتیوانی تاکلایەنەی لە ئیسڕائیل و بێمتمانەیی لە ئاستی جیهاندا سوودمەند ببوو. بەڵام پلانە نوێیەکە ئەو هاوکێشەیەی تێکداوە و جارێکی دیکە پێگەی ناوەندی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دامەزراندووە. پێگەیێک کە چین لەو ساڵانەی دواییدا، لە ناویدا لەگەڵ نێوەندگیریی لە نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێراندا، بەدوایدا دەگەڕا.
بەڵام قەیرانی ئەم دواییە و پلانەکەی ترەمپ سنووری توانا و ئیرادەی چینی بۆ کاریگەریی لەسەر گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کرد، ئەگەر ناوچەکە سەقامگیر بێت، ئەمریکا دەرفەتی زیاتری دەبێت تا سەرنجی خۆی لەسەر ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن چڕ بکاتەوە .
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی ببێتە شوێنێک بۆ وەدیهێنانی ئەو ڕێگا چارەسەرە. پێش ئەوەش دەزگای فریاگوزاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەرانی فەلەستین (آنروا) لەسەر تۆمەتی بێ بنەمای ئیسڕائیل کرابووە ئامانجی سزادان .
قەیرانەکە و دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ، ڕوخساری نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لەکەدار کردووە. هەرچۆنێک بێت، پلانە نوێیەکە لانیکەم ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دابەشکردنی هاوکاریەکان لەغەززە بە فەرمی دەناسێت و ئەنجوومەنی گشتیی هەروەها ناوبەناو سەکۆیەکی بۆ ئاسانکاری دیپلۆماسی دابین کردووە .