شارپرێس:
كۆمپانیاى دانهغاز لهبارهى كارهباى 24 كاتژمێریهوه هاتهدهنگو زانیارییهكى گرنگ ئاشكرادهكات، ڕاشیدهگهیهنێت، "بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای هیلال ئۆیل، توانیویانە پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەهەرێم بەر لەوادەی خۆی تەواوبکەنو بەمشێوەیەش بەرهەمهێنانی غاز لەهەرێم بەڕێژەی 50٪ زیادیکردوە".
ئهمڕۆ چوارشهممه کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕایگەیاند، "لەهەنگاوێکی گرنگدا بۆ بەهێزکردنی سێکتەری وزە لەعێراقو هەرێمی کوردستان، دانەغاز وەک گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی غازی سروشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهاوبەشی لەگەڵ نەوتی هیلال، کە یەکەم کۆمپانیای تایبەت لەبواری گەڕانو بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لەناوچەکەیە، دەستپێکردنی فرۆشتنی غازی سروشتی لەپڕۆژەی فراوانکردنی "کۆرمۆر250" لەکێڵگەی کۆرمۆری هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
دانەغاز جەختیشیکردوەتەوە، "ئەم پڕۆژەیە هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراوی تەواوکرا، کە بەڵگەی پابەندبونی تواناكانمانه لهجێبەجێکردندا".
دانەغازدا دهڵێت، "ئەم فراوانکردنە ڕۆڵی دەبێت لەبەهێزکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی وزەو پشتگیریکردنی گەشەی پیشەسازیی لەهەرێم، بەمەش دەستپێشخەریی حکومەتی هەرێم بەناوی "پرۆژەی ڕوناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بەهێزدەکات، هاوکات دابینکردنی وزە بۆ سهرجهم ناوچەکانی عێراقیش باشتر دەکات".
وهكو دانەغاز باسیكردوه، "پڕۆژەی "کۆرمۆر250" توانای پڕۆسێسکردنی غازی بەڕێژەی 250 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی ڕۆژانە زیاد دەکات، کە گەشەکردنێکی بەرچاوی 50%یە بەسەر توانای ئێستادا، بەمەش، کۆی گشتیی توانای کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە 750 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی ڕۆژانە، ئەم زیادبونەش لەتوانادا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەدابینکردنی خواستە بەخێرایی گەشەسەندوەکانی کارەبا لەعێراق، بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان، لەڕێگەی دابینکردنی بڕێکی زۆر غازی سروشتیی پاکەوە".
کۆی گشتی وەبەرهێنانی پڕۆژەکە گەیشتە 1.1 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەپشتیوانی دارایی لەبانکی شارجەو دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی ویلایەتەیەکگرتووەکان (DFC)، پڕۆژەکە لەلوتکەیدا زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی دابینکردوەو زیاتر لەشهش ههزار تۆن پۆڵاو زیاتر لە6.2 ملیۆن کاتژمێر کاری بۆ تەرخانکراوە؛ بەمەش بوەتە یەکێک لەگەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخان کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لەعێراق لەساڵانی ڕابردودا جێبەجێکراون.
مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەوتی هیلالو ئەندامی کارگێڕیی دانەغاز، جەختی لەسەر گرنگیی پڕۆژەکە کردەوەو وتی:"تەواوکردنی پڕۆژەی کۆرمۆر250 پێش وادە، دەستکەوتێکی مێژوییەو نیشانەی پابەندبونی ئێمەیە بەپەرەپێدانی سەرچاوە وزەییەکانی هەرێمو دابینکردنی وزەی پاکو بەردەوام".
لەلایەکی دیكهوه ڕیچارد هۆڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانەغاز، سوپاسی شێوازی کاری ڕاستەوخۆو هاوکاریی نێوان هەردوو کۆمپانیاکەی کرد کە بوە هۆی سەرکەوتنی پڕۆژەکەو زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان".
