شارپرێس:
هاوسەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، لیژنەیەکی سەربازیی هەسەدە لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی فەرمییان ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی یەکگرتن کە هێشتا پێویستی بە چارەسەرکردنی ژمارەیەک خاڵی تەکنیکی و ئیداری هەیە.
فۆزا یوسف لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند "پێمان وایە ئەمە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەموو سوریا دەبێت، چونکە بوونی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە سوپای سوریادا ڕێگە دەدات ئەم سوپایە خزمەتی هەموو ناوچەکانی سوریا بکات، و دەبێتە سوپایەک بۆ هەموو گەلی سوریا، نەک بۆ چینێک یان پێکهاتە یان نەتەوەیەک".
هەروەها فۆزا یوسف دەڵێت، هەندێک پرس پێویستییان بە هاوکاریی نێوان هەردوولایە بۆ ڕێگریکردن لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی و دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنی یەکگرتوو پێویستی بە هەماهەنگییەکی وردی نێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا هەیە.
دەشڵێت، هێرشەکانی چەکدارانی حکومەتی کاتی بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، وەک ئامرازێکی فشار ئەنجامدران، کە تێیدا ڕێگاکانی هاتووچۆ بۆ ئەو دوو گەڕەکە داخران و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە.
فۆزا یوسف لەبارەی ڕۆڵی تورکیا دەڵێت، ئەنقەرە "ڕۆڵێکی نەرێنی" دەگێڕێت لە ڕێگریکردن لە دیالۆگی ناوخۆیی سوریا. هەروەها بەستنەوەی پرسی کورد لە باکوری کوردستان بە دۆخی کورد لە سوریا بە هەڵەیەکی ستراتیژی دانا.
ئ.ه
