نزیكه‌ى نۆ هەزار ئه‌فسه‌رو پێشمەرگە پله‌كانیان به‌رزده‌كرێته‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌ى نزیكه‌ى نۆ هه‌زار ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەبێت پێشمەرگە وەک هەمیشە لەئەرکی پاراستنی خاک‌و سنورو خەڵکی کوردستان‌و جێبەجێکردنی دیسپلینی سەربازییانەی سەردەمیی بەردەوامبن".


به‌گوێره‌ى نوسراوێكى پیرۆزبایى شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ ئاراسته‌ى کارمەندان‌و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگەى كردوه‌، نوسیویه‌تى، "بەبۆنەی پلە بەرزکردنەوەیان، پیرۆزبایی لەهه‌شت هه‌زارو 721 پێشمەرگەو پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە ده‌كه‌م کە لەخشتەی ئەیلولی ساڵی 2025 پلەکانیان بەرزکراوه‌ته‌وه‌". 

وەزیری پێشمەرگە ڕایگه‌یاندوه‌، "دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە‌و باشتکردنی ژیان‌و گوزەرانیان، ئەولەوییەتی کاری حکومەت‌و وەزارەتی پێشمەرگەو پڕۆسەی چاکسازییە".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "هەموو هەوڵەکانیشمان لەم پێناوەدا بەردەوامە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان شایستەبوونی پلەکانیان لەوادەی یاسایی‌و کارگێڕیی خۆیدا بەرزبکرێتەوە".

وەزیری پێشمەرگە، داواشدەکات لەبەرامبەر بەرزکردنەوەی شایستەی پلەکانیان، "دەبێت پێشمەرگە وەک هەمیشە لەئەرکی پاراستنی خاک‌و سنورو خەڵکی کوردستان‌و جێبەجێکردنی دیسپلینی سەربازییانەی سەردەمیی، بەردەوامبن".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، له‌مانگى 2ى ئه‌مساڵیشدا، وەزارەتی پێشمەرگە پلەبه‌رزكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌هەشت هەزار پێشمەرگەو پلەداری وەزارەته‌كه‌ى ڕاگه‌یاند.

پله‌به‌رزكردنه‌وه‌كان به‌گوێره‌ى نوسراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەیه‌و پلەی نزیكه‌ى نۆ هەزار پێشمەرگەو پلەداری وەزارەته‌كه‌ی له‌دیوانی وەزارەت‌و لیواكان به‌گوێره‌ى خشتەی مانگى ئەیلولی ساڵی 2024 ڕاگه‌یاندوه‌.