شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
فەرماندەیەکی باڵای ڕۆژئاوا‌و ئەندامی لیژنەی دیالۆگه‌كان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سێ قۆڵی هاوبەش (هەسەدە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و حکومەتی کاتی) لەدژی داعش هەیە، ده‌شڵێت، "ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەیە".
ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)و هاوكات ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریاى دیموكرات (هەسەده)و ئەندامی وه‌فدى دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، دیدارێكى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ شارپرێس ئه‌نجامداو چه‌ندین زانیاریى گرنگى له‌باره‌ى گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى دیمه‌ش‌و به‌شداریكردنى یه‌په‌ژه له‌سوپاى سوریا‌و به‌شداریكردنى فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ژنان له‌گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئاشكراده‌كات.
له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ شارپرێس، ڕۆهلات عه‌فرین باسى دوو گه‌ڕه‌كه كوردیه‌كه‌ى شارى حه‌له‌ب-یش ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع له‌دواى به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه كه هاتوه‌ته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت، ئارامى‌و ئاشتیى بۆ سوریا دێت، به‌ڵام نه‌هاتوه‌و نائارامییه‌كان زیادیانكردوه".
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان لەگەڵ حكومه‌تى تورکیا‌و هەموارکردنی دەستوری سوریا، فه‌رمانده ژنه باڵاكه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان زانیاریی گرنگ ده‌خاته‌ڕوو.
ده‌قى دیداره‌كه:
شارپرێس: ڕێزدار ڕۆهلات، با لەنائارامیى گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبەوە دەستپێبکەین، ئاگربەستی ئەمدواییە کە وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، بەڵام تائێستا نه‌چوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هێزەکانی دیمەشق لەدەوروبەری شێخ مەقسودو ئەشرەفیە خۆیان مۆڵداوه‌و ڕێگه‌كان هه‌ر به‌ربه‌ستیان له‌به‌رده‌مدایه‌و نه‌كراونه‌ته‌وه، هاوكات ڕێگه‌ی نێوان هەرێمەکان‌و دیمەشقیش هه‌ر به‌ربه‌ستن، ئایا ئەگەری هێرشکردنەسەر ئەو دوو گەڕەکە هەیە؟ له‌مكاته‌دا هەڵوێستى ئێوه وه‌ك هه‌سه‌ده چییە؟
ڕۆهلات: دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس تائێستا ئارامی به‌دینه‌هاتوه، ئەم هێرشانەی ئەمدواییەش بەڕاستی گومان‌و نائارامی لەناو کۆمەڵگه‌ی ئێمەو کۆمەڵگای سوریا بەگشتیی زیاتر دروستکردوە، هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی کاتی ڕایانگەیاندوە کە ئاشتی بۆ سوریا دێت، بەڵام به‌داخه‌وه تائێستا ئەو ئارامییە بەدینەهاتوە.
لەهەمانکاتدا هەڵوێستی گەلەکەمان لەبەرامبەر هێرشەکاندا شایەنی ڕێزگرتنە، گەلەکەمان خۆی ئەزمونی قووڵی لەو چوارچێوەیەدا هەیە، واتە لەساڵی 2012وه هەڵوێستی وەڵامدانەوەی بۆ هەموو هێرشەکان نیشانداوەو تەنانەت ئەگەر کەسیش لەوێ نەبێت مه‌به‌ستم هێزى سه‌ربازیى‌و ئه‌منیه، خەڵکه‌كه‌مان دەتوانێت خۆى بەرگریی لەخۆی بکات.
ڕونیشه، ئامانج لەو په‌لامارانه لەناوبردنی ئەو ئارامییەیە کە کۆمەڵگه هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، ئێمه‌ش لەدیدارەکەماندا لەدیمەشق به‌ڕون‌و ڕاشكاوى باسمان لەپێویستی ئاشتیی لەهەموو سوریا‌و بەتایبەت شێخ مەقسودو ئەشرەفیە کرد‌و پێکەوە بڕیارماندا کە ئاگربەستێکی گشتیی ڕابگه‌یه‌نرێت، ئه‌وه‌بوو ئاگربەست ڕاگەیەندرا، لەهەردوو گەڕەکەکەدا تاڕادەیەک ئارامی هاتوه‌ته ئاراوه، بەڵام لەڕوی جوڵەو دەستڕاگەیشتن بەزۆر شت لەگەڕەکەکەدا هێشتا ئاستەنگ هەیە، وەک گواستنەوە، پێداویستییەکانی ڕۆژانە.
شارپرێس: کەواتە هەوڵدەدەن بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە لەسەر شێخ مه‌قسودو ئه‌شره‌فیه؟
ڕۆهلات: بێگومان‌و به‌دڵنیاییه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گفتوگۆى به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى دیمه‌شق هەیە، چ لەسەر ئاستی ئەو لیژنەیەی لەحەلەب کە لەگفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی کاتی‌و چ لەسەر ئاستی لیژنەکەمان وه‌ك لیژنه‌ى باڵاى هه‌سه‌ده بۆ دانوستان، به‌رده‌وام گفتوگۆ هه‌یه، ئەگەر بمانەوێت ئاشتیی لەسوریا دروستبکەین، حەلەب شارێکی زۆر گرنگە بۆ سوریا، ئەگەر ئارامی لەدوو گەڕەکه كوردنشینه‌كه‌ى حەلەب نه‌بێت، شەرمەزارییەكى گه‌وره ده‌بێت بۆ حكومه‌تى دمه‌شق، هه‌ربۆیه هەوڵ‌و گفتوگۆکانمان بۆ ئاشتیی لەوێ بەردەوامە.
شارپرێس: با بچینە سەر بابه‌تى پەیوەستبونی هەسەدە به‌سوپای سوریاوه، به‌ڕێز ڕۆهلات، ئەو بابەتانە چین کە لەکۆتا کۆبونەوەدا لەگەڵ دیمه‌شق باستانکردو ئەو زانیاریانەی کە بڵاودەکرێنەوە گوایه ناوی هه‌سه‌ده چیتر بونی نابێت‌و هه‌سه‌ده بەسێ لیوا دەچێتە ناو سوپای سوریاوە، تا چ ڕادەیەک ئەم زانیاریانە ڕاستن؟
ڕۆهلات: سەردانەکەمان بۆ دیمەشق یەکەم کۆبونەوەبوو دوای ڕاگرتنی دانوستانەکان، پێشئەوە کۆبونەوەمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و لەگەڵ ئەمریکا هەبوو، باسمان لەخستنەڕوی هێزەکانی (هەسەدە) لەسوپای سوریادا کرد.
ئێمە بەشێکی زۆر گرنگی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاین وەک هێزێکی سەربازیی، بۆ ئەوەی سوریا فۆڕمەکەی تەواو بکات، لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆکانمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و لەگەڵ حکومەتی دیمه‌شقیش ئەنجامدا سەبارەت بەوەی کە چۆن دەتوانین پێکەوە بەرەو پێشەوە بچین.
بۆیە لەکۆتا کۆبونەوەدا باسمان لەوەکرد، بەبێ سەقامگیریی ئێستای سوریا، هێرشەکانی داعش وه‌ك چۆن زیادیکردوە، به‌هه‌مانشێوه له‌نه‌بونى سه‌قامگیرییدا داعش‌یش سود وەردەگرێت، یەکێک لەتەوەرەکانی گفتوگۆكانیش ئەوەبوو کە چۆن دەبێت شەڕی داعش بکەین‌و ئەمە دەبێت بکرێت.
ئەمەش لەکۆبونەوەکانی داهاتوماندا زیاتر ڕوندەبێتەوە، لەهەمانکاتیشدا تەوەرێکی دیكه‌ى گفتوگۆ، کە دەبێت شێوەی سوریای نوێ چۆن بێت، دیسان باسبکرێت.
جگە لەوەش ئێمە بەحکومەتی دیمه‌شقمان وتوه، کاتێک باس لەلامەرکەزیی سوریا دەکەین، ئەمە بەمانای دابەشبونی سوریا نییە، هەروەها باسمان لەلامەرکەزی کردوه لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەموو پێکهاتەکان بەتێڕوانینی سەربەخۆی خۆیان بەشداربن.
لەهەمانکاتدا پێمان وتن، هەنگاوی یەکەم دەبێت گۆڕینی دەستور بێت، یەکێک لەتەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکەمان، هێزەکانی هه‌سه‌ده بوو، کە بەسیستم‌و ئەزمونەکەیەوە دەتوانێت خزمەت بەهەموو سوریا بکات‌و وەک سوپا ئامادەیە.
چۆن هه‌سه‌ده پەیوەستدەبێت، لیژنەکانمان کۆدەبنەوەو پێکەوە باسی ئەم بابەتە دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەی سەربازیی ئێمەش چوەتە دیمەشق‌و لەچەند ڕۆژی داهاتودا لەگەڵ لیژنەی حکومەت، تاووتوێی دەکەن.
هیچ باسێک لەسەر ناوی هه‌سه‌ده نەکراوه، بەڵام ئێمە لەپرۆسەی گۆڕانکاریداین‌و هه‌سه‌ده جێ پەنجەی خۆی لەسەر تەواوی مێژوی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و هەموو جیهان بەجێهێشتوە، ئەگەر ئەم ڕێککەوتنانە بەباشی بەردەوامبن، ئەنجامەکانیان لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەشدەکرێن‌و ڕونده‌كرێنه‌وه.
شارپرێس: لەڕاستیدا زانیاریی دیکە بڵاوبوەتەوە کە هێزەکانی یەکینەکانی دژەتیرۆر (YAT)ى سەر بەهێزەکانی سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) لەسەرتاسەری سوریا ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجامدەدەن، ئەم زانیاریانە تا چەند ڕاستن؟
ڕۆهلات: به‌ڵێ ئه‌وه ڕاستە، ئەم گفتوگۆیەش لەگەڵ فەرماندەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراو لەدوایین کۆبونەوەشدا لەدیمەشق گفتوگۆی لەسەرکرا.
ئێمە ڕامانگەیاند، بۆ پاراستنی خاکی سوریا، دەبێت خەباتی دژ بەداعش چڕتربکرێتەوەو ئێمەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 13 ساڵە پێکەوە ئەم خەباتە دەکەین، بەڵام بۆ ئەوەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیش بەشداریی ئەم خەباتە بکەن، ئێمەش باسمان لەوەکردو وەڵامی دیمه‌شق ئەرێنی بوو.
ئەگەر ڕێککەوتنه‌كه بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه، هەرسێ لایەنى (هەسەدە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و دیمه‌شق) پێکەوە درێژە بەو خەباتە دژی داعش دەدەین، جا چ لەڕێگەی مەشق‌و ئامادەکاریی‌و ئۆپەراسیۆنەوە بێت یان هه‌ر شێواز‌و میكانیزمێكى دیكه‌وه.
شارپرێس: دەتوانین بڵێین لەچەند ڕۆژی داهاتودا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان ئێوەو دیمه‌شق‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجامدەدرێت؟
ڕۆهلات: ئەگەر پێویستی هاتە ئاراوەو ڕێککەوتن بکرێت، به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه ئەوە ڕاستە، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامده‌درێت‌و ماوەیەکیشە باسی ئەم بابەتە دەکەین.
شارپرێس: یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی نێوان ئێوەو دیمەشق بونى شه‌ڕڤانانى یەپەژەیە، چونكه حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع، سه‌ربازى ژنى نییه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، چارەنوسی یەپەژە لەداهاتوی سوریا چیى‌و چۆن ده‌بێت؟
ڕۆهلات: یەپەژە یەکێکە لەو هێزانەی ژنان لەمێژودا کە بەئازایەتی خۆی لەبەرامبەر داعش‌و هێزە داگیرکەرەکاندا نمونەی نه‌بوه‌و خه‌بات‌و قوربانیدانێكى زۆرى كردوه، یەپەژە لەداهاتودا ئۆتۆنۆمی سوریا دەپارێزێت، چ لەکاتی شەڕو چ لەکاتی ئاشتیدا، لەکۆبونەوەکانی داهاتودا بەتایبەتی باسی یەپەژە دەکەین له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع.
شارپرێس: به‌ڕێز ڕۆهلات عەفرین، ده‌مه‌وێت پرسیارى هەڵوێستی زلهێزەکانى دونیا بكه‌م، ئایا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەگشتیی‌و ئەمریکاو فەرەنساو به‌ریتانیا بەتایبەتی، سەبارەت بەدیالۆگی نێوان ئێوەو دیمەشق هه‌ڵوێستیان چییە؟
ڕۆهلات: دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دەستوەردانیان لەدیالۆگەکەمان لەگەڵ دیمەشقدا کرد‌و ڕۆڵێکی ئەرێنییان لەو چوارچێوەیەدا بینی، بەوپێیەی ساڵانێکە پێکەوە کاردەکەین.
هاوکات هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتایبەت فەرەنساو ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی دیالۆگ‌و گەیشتن بەسەقامگیریی زیادیکردوە، لەلایەکی دیكه‌وه هێزەکانی هاوپەیمانان بەشداریی کۆبونەوەکانمان لەگەڵ حکومەت دەکەن لەدیمەشق.
شارپرێس: دۆخی ئێوەو تورکیا چۆنە، پەیوەندیی هەیە له‌نێوانتان یان نا؟
ڕۆهلات: بەڵێ ڕاستە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتر هەیە.
شارپرێس: دوا پرسیار، لەئایندەی سوریا، ڕۆهلات عەفرین پێگه‌ى چى ده‌بێت، ئایا بەردەوامدەبیت لەچالاکییە سەربازییەکان یان چالاکییە سیاسییەکان؟
ڕۆهلات: کاتێک چه‌كمان له‌شان كرد‌و ده‌ستمان پێكرد، پێوەرە سەرەکییەکە لاى ئێمه، خزمەتکردنی کۆمەڵگه بوو، ئێمە سەربازین، پاراستنی کۆمەڵگه‌و ژنان به‌تایبه‌تى دەکەوێتە سەرشانمان‌و وایداده‌نێین لەمڕۆوە کارەکانمان ده‌ستپێده‌كات، چونكه ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، خزمەتکردنی کۆمەڵگه‌یە نه‌ك پله‌و پۆست، ئێمه وا په‌روه‌رده كراوین، لەهەر شوێنێک بێت، خزمه‌تكردن‌و پاراستن له‌پێش هه‌ر ئامانجێكى دیكه‌وه‌یه.
شارپرێس: زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته.
رۆهلات: زۆر سوپاس بۆ ئێوه شارپرێس.
