مێسی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەر میامی درێژکردەوە

وەرزش

24/10/2025‌ 200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ٍشارپرێس:

یانەی ئینتەر میامی دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان، لیۆنێل مێسی، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا لە خولی ئەمریکی تا کۆتایی وەرزی 2028 درێژکردۆتەوە.

 
ئەم بڕیارە پاش ئەوە دێت کە گرێبەستی پێشووی مێسی لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو کۆتایی دەهات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ و بەهێز بۆ خولی ئەمریکای باکوور دادەنرێت.

مێسی، کە لە هاوینی 2023 پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاست و ناوبانگی خولەکە هەبووە. بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی، یانەی ئینتەر میامی ئامانجی ئەوەیە کە بەردەوام بێت لەسەر بردنەوەی نازناوەکان، بەتایبەتیی لە خولی ئەمریکا و جامی کیشوەرەکان.

ئەو یاریزانە ئەفسانەییە، کە لە مۆندیالی 2022 لەگەڵ ئەرجەنتین نازناوی جامی جیهانیی بەدەستهێنا، خۆشحاڵی خۆی بە مانەوە لە میامی و یاریكردن لە یاریگا نوێیەكەیاندا دەربڕی.

مێسی هیوای خواستووە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا لە مۆندیالی 2026 بەشداری بکات، کە لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە