شارپرێس:
وتەبێژی ئاکپارتی ئاماژە بەوەدەكات، بڕیاری پەکەکە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لەتورکیاو باکوری کوردستان، دەبێتە هۆی بەرەوپێشتربردنی پرۆسەی ئاشتی، دهشڵێت، "پێویسته پرۆسەی چەکدانان هەسەدەش بگرێتەوە".
دوای ئەوەی ئەمڕۆ 26ى 10ى 2025 تەڤگەری ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند، وەک بەدەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلانو بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، بڕیاریداوە هێزەکانیان لەتورکیاو باکوری کوردستان بکێشننەوە، وتەبێژی ئاکپارتی هاتهدهنگو دهڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی گونجاوە بۆ گەیشتن بەئامانجی سەرەکی کە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە".
عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی دهڵێت، "هەنگاوی نوێی توکیا بۆ پرۆسەی چەکدانانو بڕیاری پەکەکە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەتورکیا، هەنگاوی کردەییە بۆ بەرەوپێشچونی نەخشەڕێگهی پرۆسەکە".
چەلیک باس لەوەشدەکات، چەکدانانو هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گروپانەی تورکیا پێیوایە، بەشێکن لەپەکەکە لەتەواوی ناوچەکە بەسوریاو عێراقو ڕۆژئاواو باشوری کوردستانەوە بەشێکن لەپرۆسەی ئاشتی.
سەرنجیشدەخاتەسەر ئەوەی بەرەوپێشچونی پرۆسەی چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوە چوارچێوەی کارکردنی کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکە ڕونتر دەکات.
وتەبێژی ئاکپارتی جارێکی دیکە هۆشداریدەدات لەهەوڵەکان بۆ لەباربردنی پرۆسەکەو دەڵێت، "ڕێگە بەوە نادەین بەدورخستنەوە لەئامانجی سەرەکی، تۆمەت هەڵبەستنو قسەی نابەجێ، هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە بدرێت".
لای خۆیشیەوە ئەفگان ئالا جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی ئەم بڕیارەی پەکەکە بەکردنەوەی دەرگاکان بەڕوی قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی ناو دەباتو دەڵێت، "بەلەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکان جیهانو دەوروبەری تورکیا دەردەکەوێت پرۆسەی ئاشتی چەندە گرنگە".
