ده‌ستگیركردنى شوان عادل كاردانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگایه‌كى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ ڕۆژنامه‌نوسێك ده‌ركرد، سه‌نته‌رى میترۆ-ش ده‌ڵێت، "داوا لەدامەزراوەی مەدەنی‌و سه‌ربازیى حكومەتی هەرێم ده‌كه‌ین كۆتایی بەهەڕەشەو گوشارەكانی سەر كاری ڕۆژنامەنوسان بهێنێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پێویسته‌ لەیەكلاكردنەوەی دۆسییەی ڕۆژنامەنوسان لەبری بڕگەكانی دەمكوتكردن كە لەیاساى سزادانی عێراقییدا هەیە، پەنا بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری ببرێت".


ئەمڕۆ 26ی تشرینی یەكەمی 2025، دادگای قەزای شەقڵاوە، فەرمانی 15 ڕۆژ ڕاگرتنی بۆ شوان عادل بەڕێوەبەری پێشوى كەناڵی ئێن ئارتی دەركرد، پێشتر دەزگای ئەیلول داوای یاسایی لەسەر كەناڵەكە تۆماركردوە.

سه‌نته‌رى میترۆ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نوسیویه‌تى، "به‌گوێره‌ى بەدواداچونه‌كانمان بۆ ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەریی، پەیامنێرانی كەناڵی ئێن ئارتی، لەزۆربەی شارەكانی هەرێم فشاردەخرێتە سەریان‌و ئازادی كاركردنیان بەرتەسكدەكرێتەوە".

باسى ئه‌وه‌شیكردوه‌، ڕۆژی هەینی 24ی تشرینی یەكەمی 2025 لەناحییەی شەمامكی سەر بەقەزای ناوەندی هەولێر، هێرشكرایەسەر تیمی ئێن ئارتی بۆ ماوەیەك دەستبەسسەركران. 

سەنتەری میترۆ داوا لەدامەزراوەی مەدەنی‌و سه‌ربازیى حكومەتی هەرێم دەكات، كۆتایی بەهەرەشەو گوشارەكانی سەر كاری ڕۆژنامەنوسان بهێنێت.

به‌پێویستیشى ده‌زانێت، "لەیەكلاكردنەوەی دۆسییەی ڕۆژنامەنوسان لەبری برگەكانی دەمكوتكردن كه‌ لەیاسا سزادانی عێراقییدا هەیە، پەنا بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری ببرێت".

سه‌نته‌رى میترۆ ده‌ڵێت، "هەرێمی كوردستان لەیاساداناندا، وەك یاساكانی ڕۆژنامەگەری، مافی زانیاریی، ڕێكخستنی خۆپیشاندان، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیی، لەبەشەكانی تری عێراق، پێشكەوتوترە، بەڵام عیبرەت لەجێبەجێكردنیاندایە".

میترۆ داواى ئه‌وه‌شیكردوه‌، "لەیەكلاكردنەوەی دۆسییەی ڕۆژنامەنوسان لەبری بڕگەكانی دەمكوتكردن كە لەیاسا سزادانی عێراقییدا هەیە، پەنا بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری ببرێت‌و شوان عادلى ڕۆژنامه‌نوسیش بەكەفالەتی شوێنی كاری ئازادبكرێت".