هەنگاوه‌ مێژوییه‌كه‌ى گه‌ریلا.. به‌ته‌واوى له‌سنوره‌كانى باكورى كوردستان كشایه‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مڕۆ له‌مه‌راسیمێكدا، گروپێکی گەریلا لەسنورەکانی باكورى كوردستان كشایه‌وه‌و گەیشتنە قەندیل‌، ڕاگه‌یه‌نرا به‌یه‌كجاریى له‌و سنوره‌ پاشه‌كشه‌یان كردوه‌.


ئەمڕۆ لەبناری قەندیل‌و لەچوارچێوەی بانگەوازییەکەی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان‌و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، سه‌ركردایه‌تى په‌كه‌كه‌ بڕیارێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یاندو ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "له‌ته‌واوى سنوره‌كانى توركیاو باكورى كوردستان، هێزه‌كانى گه‌ریلا پاشه‌كشه‌یان كردوه‌ بۆ ناو خاكى باشورى كوردستان".

سه‌ركردایه‌تى په‌كه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، "بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەکە ناو بەشێکی هێزەکانی لەسنوری تورکیاوە کشاندەوە بۆ قەندیل".

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیه‌كلەلایەن سەبری ئۆك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكەو بێژین دەرسیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی یەژاستاری سەرحەد، دەڤرین پالو فەرماندەی فەرمانداری هەپەگە بەبەشداریی 25 گەریلا خوێندرایەوە.

لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "پێویستە یاسای ڕاگوزەری تایبەت بە پەکەکە به‌بنچینه‌ وه‌ربگیردرێت‌و بۆ به‌شداریكردن له‌سیاسه‌تی دیموكراتییانه‌ش ده‌ستبه‌جێ یاساكانی په‌یوه‌ست به‌ئازادی پێویست‌و ئه‌نتیگراسیۆنی دیموكراتیک ده‌ربكرێن".

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەسەر بانگەوازی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕۆژی 11ى تەمموزی ئەمساڵ گەریلاكانی ئازادی كوردستان هەنگاوێكی مێژویان ناو لەگوندی جاسەنە گروپێكی گەریلا چەكەكانیان سوتاند.

ئه‌وه‌ش ڕونكرایه‌وه‌، "هەموو هێزەکانمان لەباکوری کوردستان دەکشێنینەوە، ئێمە هێزەکانمان دەکشێنینەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بچێتە قۆناغی دوەم دەبێت هەنگاوی سیاسیی‌و یاسایی بێ دواکەوتن بنرێت، پێویستە گەلەکەمان لەئاستی کۆکردنەوەدا بەشداریی خەبات بکات، ئاستی کاریگەریی هەنگاوەکانمان بەکردار نیشاندەدرێت، مانیفێست بۆ ئاشتیی‌و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبێت".